پەژاک لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان: «ئازادیی ژنان، مەرجی بنەڕەتی گۆڕانکاری لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە»

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر، رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک جەختیکردەوە کە «ئازادیی ژنان، رێگای ئازادیی تەواوی کۆمەڵگەیە» و بەبێ وەدیهێنانی «شۆڕشی ژنان» هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە کوردستان، ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرناكەوێت.

لەم بەیاننامەیەدا کە رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥ بڵاوکرایەوە، پەژاک بە پشت بەستن بە پارادایمی رێبەری گەلی کورد، عەبدوڵڵا ئۆجالان، راگەیاند کە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان بونیات دەنرێت.

پەژاک دەڵێت ئازادیی ژنان ئێستا لە ئێراندا بووەتە یەکێک لە سەرەکی‌ترین تەوەرەکانی خەباتی ئازادیخوازنە و کۆمەڵگەش ئەم داواکارییەی خستووەتە سەرەوەی هەموو داواکارییەکانی خۆی. بە وتەی ئەم پارتە: «ئێرانی ئەمڕۆ بەپێی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بەرەو داهاتوویەک دەڕوات کە تەنیا لە رێگەی ئازادیی ژنانەوە گۆڕانکارییەکی قووڵ بەخۆیەوە دەبینێت.»

هۆشداری سەبارەت بە سەرکوت و لەسێدارەدانی ژنانی چالاک

پەژاک لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا بە ئاماژەدان بە ناوەڕۆکی دژە ژنی «سیستەمی ویلایی» دەڵێت کۆماری ئیسلامی زیندان و لەسێدارەدانی وەک ئامرازی سەرەکیی بۆ سەرکوتکردنی ژنان بەکار دێنێت و رایگەیاندووە کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی چالاکی سیاسی و مەدەنی لە زیندانەکاندا رووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدان بوونەتەوە.

ئەم پارتە داوای کەمپیەینێکی نێودەوڵەتیی فراوانی بۆ پشتگیریکردن لە ژنانی زیندانی کردووە و جەختیکردووەتەوە کە نسکۆی خەباتی ژنان، مەترسیی زیاتر بوونی سەرکوت لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

رۆڵی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان

ئەم بەیاننامەیە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە «پێشەنگەکانی راپەڕینی ژنانی ئێران» داناوە و دەڵێت بەردەوامیی ئامادەبوونیان لە پرۆسەی «شۆڕشی ژنان»دا بەرفراوانبوونی خەباتی لە سەرانسەری وڵاتدا لێ کەوتۆتەوە. بە باوەڕی پەژاک، «خۆری ئازادی بە دەستی ژنان هەڵدێت» و ئەم پرۆسەیە کۆمەڵگە و گەلەکانی دیکەش دەگرێتەوە.

بانگەواز روو لە پیاوان بۆ پێداچوونەوە بە هەڵوێست و کرداردا

پەژاک لە بەشێکی بەیاننامەکەیدا روو لە پیاوان نووسیویەتی کە ئەوانیش پێویستە بە هەڵوێست و کرداری خۆیان بەرامبەر ژناندا بچنەوە و «بە گوێرەی رۆحی سەردەمی ئازادیی ژنان» خۆیان پەروەردە بکەنەوە. ئەم پارتە پیاوسالاری بە کەلتوورێکی «دواکەوتوو» داناوە و دەڵێت لە دژی پێوەرە شۆڕشگێڕییەکانە.

بانگەوازی کۆتایی: بەشداربوون لە کەمپەینەکان و داواکردنی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان

پەژاک داوای لە ژنان کردووە کە رۆڵی پێشەنگی خۆیان لە کەمپەینەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژناندا بگێڕن. هەروەها جەختیکردووەتەوە کە ژنانی کورد لە ٢٥ی نۆڤەمبەر بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان، «بناغەدانەری ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژن»، بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕەپانە جیاوازەکاندا کۆببنەوە.

 

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

“لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆدا، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان دامەزراوە.

٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژیی ژنان دەستنیشانکراوە، یادکردنەوەی بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدۆستانەیە کە کۆتایی بە ژنکوژی و ڕێگرییەکانی بەردەم ئازادیی ژنان دەهێنێت. ئەمڕۆ ئازادیی ژنان پێشینەی هەموو تێکۆشانەکانی ئازادیی گەلانی ئێرانە. هەر بۆیە پێشخستنی تێکۆشان لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانەوە، لەئێستەدا دەرفەت و کارێکی لەپێشینەیە.

ئازادیی ژنان وەک کاری لەپێشینەی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، ڕێگەی ئازادیی سەرپاکی کۆمەڵگەیە. هەڵبەتە، پرەنسیپی سەرەکیی ئازادی، ئازادیی ژنە و ڕێگای ئازادیی کۆمەڵگەش بە ئازادیی ژندا تێدەپەڕێت. ئەمە بۆ هەموو کۆمەڵگەکان ڕاستە، بە کۆمەڵگەی ئێرانیشەوە. کۆمەڵگەش لەم بابەتە تێگەیشتووە و لە لوتکەی داواکارییەکانیدا جێی کردووەتەوە. ئێران ئێستا لەسەر بنەمای فەلسەفەی ژن، ژیان و ئازادی بەرەو داهاتوویەک هەنگاوهەڵدەگرێت، دەزانێت تەنها لە ڕێگەی ئازادیی ژنانەوە دەتوانێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە خۆیدا بهێنێتە ئاراوە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) پێشەنگی تێکۆشانی ئازادییە لەسەر ئەم ڕێبازە شکۆمەندە.

لە پارادایمی ڕێبەری ئاپۆدا، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک لەسەر بنەمای ئازادیی ژن دامەزراوە و پێشەنگایەتی و دەسپێشخەریی ژنانی کورد، وایکردووە تەڤگەری ژنانی کورد و پرسی کورد، ببنە مۆدێلێکی جیهانی. ئەمە دەریخست کە بەبێ شۆڕشی ئازادیی ژن، هیچ شۆڕشێک لە کوردستان و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکڵ‌ناگرێت و بزووتنەوەی جیهانیی ژنانیش بە ناتەواویی دەمێنێتەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ بووەتە بەشێکی گەورە و بنەڕەتی لە ڕێنێسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بونیادەی دادەڕێژێتەوە، تێکۆشانی ئازادیی ژنانە. ئەم تێکۆشانە تەواوی گۆڕەپانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی گرتووەتەوە و مزگێنی ئاسۆیەکی گەش بە گەلان دەدات. سیستەمە دەسەڵاتخواز و کۆنەپەرستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕووخسارە ژنکوژییەکەیانەوە، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی تێکۆشانی ژنانی پێشەنگ دەبنەوە.

لە ئێستادا گەورەترین چەکی دەوڵەت بۆ سەرکوتکردنی ژنان و بەردەوامکردنی ژنکوژی، زیندانیکردن و لەسێدارەدانە. لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ژنە چالاکوانە سیاسی و مەدەنییەکان لە زیندان و ژوورەکانی ئەشکەنجەی دەوڵەتی ئێراندان و ژمارەیەکیان لەبەردەم مەترسی لەسێدارەداندان.

بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەژموونە و پشتیوانیکردن لە ژنانی زیندانیکراو بە دڵنیاییەوە پێویستی بە هەڵمەتی نێونەتەوەیی بەرفراوان هەیە کە تەواوکەری تێکۆشانەکانی ناوخۆی ئێران بێت. کاردانەوەی دەوڵەت بەرامبەر بە چالاکوانانی ژن، لەبەر ئەوەیە کە ئەم ژنانە وەرچەرخانێکی سەرتاسەرییان لە ئێران دەست پێ کردووە کە پایەکانی سیستەمی پیاوسالاری و ژنکوژی هەژاندووە. تاکە ڕێگا درێژەدانە بەم تێکۆشانە، چونکە ئەگەر بوەستین، ژنان لە کۆمەڵگەدا زیاتر ڕووبەڕووی سەرکوت و مەترسی دەبنەوە.

ئەمڕۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پێشەنگی سەرهەڵدانی ژنانی ئێران بارێکی قورستریان لە ئەستۆ گرتووە و چالاکیی بەردەوامی ژنان لە پڕۆسەی شۆڕشدا تێکۆشانی سەرتاسەری ئێرانی کردووە بە بزووتنەوەیەک. بێ گومان لە سایەی ئەو تێکۆشانە خۆری ئازادی لەسەر دەستی ژن هەڵدێت و بەرەبەیانەکەی بە قازانجی هەموو کۆمەڵگا و گەلان دەبێت. ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە ڕێگەی شۆڕشی ژنانی ئازادی کوردەوە ناسراوە، بۆیە قورسترین ئەرکەکان لەسەر شانی ژنانی کوردە. بەهەمان ئەندازە، بەهۆی بەردەوامی هەژموونی سیستەمە فاشیستەکان، مەترسی زۆر لەبەردەم دەرفەتە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕانەکان وەستاوە. بۆیە پێویستە زیاتر ئاستی ڕێکخستنی ژنان پەرەی پێ بدرێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بەبۆنەی ئەم ڕۆژە جیهانییەوە، پێویستە هەموو پیاوانیش پێداچوونەوە بە هەڵوێست و نزیکایەتی و ڕێباز و کردارەکانیان بەرامبەر بە ژنان بکەن و بەگوێرەی ڕۆحی ئەم سەردەمە کە سەردەمی ئازادیی ژنە، پەرە بە خۆیان بدەن. پێداگری لەسەر پیاوسالاری کۆنەپەرستییە و دژایەتی تەواوەتییە بەرانبەر ئەو ڕۆحی شۆڕشگێڕانەیەی کە هەموومان هەست بە پێویستییەکەی دەکەین. ئەمە پرەنسیپ و پێوەری بنەڕەتی شۆڕشگێڕی و خودسازیی کارەکتەرێکە کە لە هەموو کاتێک زیاتر لە جیهانی ئەمڕۆدا هەست بە پێویستییەکەی دەکرێت.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەبۆنەی ٢٥ـی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانەوە، بانگەواز لە هەموو ژنان دەکات ئەرکی پێشەنگانەی خۆیان بەجێ بگەیەنن بۆ سەرخستنی تەڤگەری ئازادیی ژنان و لە هەموو گۆڕەپان و هەڵمەتەکاندا بەشداربن.

هەروەها دەبێت پیاوە ئازادیخوازەکان بزانن، چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان، پێوەری ئازادی و ڕەفتار و کەسێتیی ئازادە، لەم ڕووەوە پێویستە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا گرنگی بەم پرەنسیپە بدەن و بەشداری لە چالاکییە ئازادیخوازەکان بکەن دژی توندوتیژیی سەر ژنان، کە بە دڵنیاییەوە پەیوەندی بە هەموو مرۆڤایەتییەوە هەیە نەک تەنها ژنان. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستییەکی هەنوکەییە بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەرەپێدانی دیموکراسییە لە ڕێگەی درێژەپێدانی شۆڕشی گەلان و ژنانەوە. بۆیە دەبێت ئەرکی ژنان و پیاوسن لەم ڕووەوە دیاری بکرێت و جێبەجێ بکرێت. ستەمی سەر گەلانی ئێران پەیوەندییەکی نزیکی بە ستەمی سەر ژنانەوە هەیە.

بەهەرحاڵ، ژنان هێزی بەدیهێنانی دیموکراتیزەکردن و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادن لە ئێراندا، پێویستە ڕیزەکانیان پتەوتربکەن بەرامبەر بە سیستەمی ژنکوژ و سەرکوتکار. هەروەها لە ٢٥ـی تشرینی دووەمدا، پێویستە ژنانی کورد لە هەموو گۆڕەپانەکاندا یەکبگرن بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ کە ئەندازیاری ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژنان و درووشمی ژن، ژیان، ئازادییە. ئامادەیی ژنان لە ڕیزەکانی شۆڕشی ئازادیی گەلی کورددا، گەرەنتی سەرکەوتنێکی مسۆگەرە و لەئێستەشەوە بووەتە ئومێدبەخشێکی گەورە لەسەر ئەم ڕێگا ڕاست و جوانە”.

 

Live
Hide picture