پەژاک: شەهید تۆڵهەڵدان و هاوڕێیانی لە سەنگەرێکدا و لە پێناو ئازادیدا داستانیان تۆمار کرد

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی شەهید بوونی تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، ئارگەش کارزان و تۆڵهەڵدان سنە، هەردوو شەهیدی ڕێگەی تێکۆشانی ڕزگاری گەلی کورد دلۆڤان فەدا و ڕۆژهات بۆکان، یادی ئەو شەهید تێکۆشەرانەی بەرز ڕاگرت.

پەژاک لە راگەیەندراوەکەیدا، جەختی کردۆتەوە کە ئەو شەهیدانە بە بەدیهێنەری خەباتی ڕەوای گەلی کورد بۆ ئازادیی تەواو دەزانێت و بەڵێنی دووپات کردۆتەوە کە تا سەرکەوتن لەسەر ئەم ڕێگەیە بەردەوام دەبێت.

ڕاگەیاندراوەکەی پژاک بەم شێوەیەیە:

ڕۆژی ٧ـی ئەیلولی ٢٠١٨ هەڤاڵانمان “ئارگەش کارزان و تۆڵهەڵدان سنە” کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار)” بوون، لەگەڵ هەڤاڵانی شەهیدمان “دلۆڤان فەدا و ڕۆژهات بۆکان” لە ناوچەی سنە شەهید بوون، ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) یادی حەوتەمین ساڵیادی شەهیدبوونیان دەکاتەوە.

هەڤاڵان “ئارگەش کارزان و تۆڵهەڵدان سنە، ڕۆژهات بۆکان و دلۆڤان فەدا ” لە نێو ئەو فیداکار و دڵسۆزانەدا بوون، کە لە پێناو ڕێکخستنی گەلەکەمان و بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسیی ڕاستەقینەدا خەباتیان کرد، ڕژێمی تۆتالیتار و سەرکوتکەر کە نەیتوانی بەرگەی ئەم دۆخە بگرێت، لە ٧ـی ئەیلولی ٢٠١٨ لە پیلانێکدا هەڤاڵ ئارگەش و هاوڕێکانی شەهید کرد، لە ڕاستییدا شەهید ئارگەش و هاوڕێکانی لە سەنگەرێکدا لەسەر ڕێگای ئازادی داستانیان دروستکردووە

شەهید ئارگەش بە ڕاستی نموونەی تێکۆشەرێکی خۆبەختکەر و دڵسۆز بۆ گەل و ئازادیخوازی بوو، لەم ڕێگەیەشدا گەیشتە حەقیقەت و بۆ جێبەجێکردنی، چووە مەیدانی چالاکییەکانەوە، ئەو وەک یەکێک لە پێشەنگان، لە ڕیزی پێشەوە جووڵایەوە، تاوەکو ڕیزی هێزەکانی گەریلا بۆ ڕێکخستنکردنی گەل زیاتر لە پێشوو بەهێز بکات، لەم ڕێگەیەدا، قوربانی دا و زەحمەتکێش بوو، هاوشانی ئەو هەڤاڵ تۆڵهەڵدان وەک فەرماندەیەکی شۆڕشگێڕ و شایستە، هاوسەنگەر و تێکۆشەرێکی ماندوونەناس بوو، کە شان بە شانی یەکتر داستانیان ئافراند.

ئەمڕۆش شوێنپێیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی ساڵانێک هەوڵی بێوچانە بۆ گەیاندنە سەرکەوتنی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد، هەڤاڵان دلۆڤان و ڕۆژهاتیش بەردەوامیی ئەم ڕێگەیەیان وەک ڕێگەی لێگەڕینی حەقیقەتی ئاپۆیی، پشتبەستوو بە پارادایمی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک لەسەر بنەمای ئازادی ژن تا ڕادەی قوربانیدان درێژە پێدا، ئەوان لە ڕۆژێکدا، شان بە شانی یەکتر، لە یەک سەنگەردا بەبەهێزی، تا دوا هەناسە بەرەنگاربوونەوە و بوونە مانیفێستۆی ڕێگەی ئازادیی گەلەکەمان.

بێگومان تەڤگەری ئازادیخوازی گەلەکەمان بە درێژایی تێکۆشانەکانی، هەمیشە بەم تێڕوانینە پێشکەوتنی لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسیدا بەدەستهێناوە، کە دەستەی بەڕێوەبەر و فەرماندەییەکەی ڕیزی پێشەوەیان گرتووە، شەهید تۆڵهەڵدان و هەڤاڵانی شەهیدمان بەم تێڕوانینەوە ڕوویان لە تێکۆشان کرد و لەم ڕێیەدا دەستکەوتیان بەدەستهێنا، ئەمڕۆ، بۆ ئەو هەموو پێشکەوتن و بەردەوامیی تێکۆشانەی تەڤگەر و گەلەکەمان، قەرزداری ئەوانین.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهید ئارگەش و شەهید تۆڵهەڵدان و شەهید دڵڤان و شەهید ڕۆژهات، ڕێگەی تێکۆشانیان بە بەدیهێنەری خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بۆ ئازادی تەواو دەزانێت و تا سەرکەوتن لەسەر ئەم ڕێگەیە بەردەوام دەبین، شێوەی پێشەنگایەتی لە سروشتی هاوڕێیان ئارگەش و تۆڵهەڵدان و شێوەی گەریلابوونی فیداکار و فیدایی لە سروشتی هاوڕێیان دلۆڤان و ڕۆژهات فێربووین و باوەڕی تەواومان پێی هەیە.

ئەوان بۆ ڕێکخستنکردنی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت سنە، چووبوونە گۆڕەپانی تێکۆشان، کە بێگومان ئەم ڕێگایەیان، وەک ڕێگای منداڵانی پەرۆشی گەلەکەمان بەهێز و درێژخایەن دەمێنێتەوە، ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێت و خەیاڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسی بۆ ئازادیی گەلەکەمان لەژێر زوڵم و ستەمی فاشیزم، بێتە دی.”

Live
Hide picture