
لیژنەی ئایین و باوەڕەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەی هاتنی جەژنی خاوەنکار، ئەم ئایینە کۆنەی شوێنکەوتوانی یاری لە هەموو یارسانییەکان پیرۆز دەکات و جەخت لە ڕۆڵی مێژوویی و مەعنەوی ئەم ئایینە لە ڕێگای ئازادی و دیموکراسیدا دەکاتەوە.
لە راگەیەندراوی ئەم لیژنەیەدا هاتووە کە جەژنی خاوەنکار بۆ شوێنکەوتوانی ئایینی یاری «هێمای گەیشتن بە ئازادی»یە و باس لەوە دەکات کە هەر دین و ئایینێک ڕەگێکی لە گەڕان بەدوای ڕاستی و رزگاریدا هەیە. پەژاک جەختی کردووەتەوە کە کۆمەڵگەی یارسان دەتوانێت بە پاراستنی باوەڕەکان و ئایینەکانی خۆی، ڕۆڵێکی گرنگ لە درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان، بگێڕێت.
لیژنەی ئایین و باوەڕەکانی پەژاک هەروەها بە ئاماژەدان بە دۆخی سەختی شوێنکەوتوانی دینییەکان و کەمینە ئایینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە یارسانییەکان، دروزییەکان و ئێزیدییەکان، هۆشداری داوە کە مەترسی «سڕینەوەی کەلتووری و ئایینی» هێشتا بوونی هەیە.
ئەم راگەیەندراوە دەڵێت: «پێشەنگایەتی کۆمەڵگەی یاری لە خەبات و پاراستنی کەلتووری خۆی، بۆ داهاتووی گەلی کورد گرینگە. یارسانییەکان هەروەک چۆن لە مێژوودا نیشانیان داوە، دەتوانن ڕۆڵێکی بێهاوتایان لە درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازاددا هەبێت.»
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پەژاک، جەژنی پیرۆزی خاوەنکار لە هەموو یارسانییەکان پیرۆز دەکات و جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ئازادیخوازی و باوەڕە ئایینییەکان دەکاتەوە.
