پەژاک: درگای گفتوگۆ کراوەیە، بەبێ گۆڕانکاری یاسایی و دیموکراتیک، ئاستی تێکۆشانمان بەرز دەکەینەوە

ئەهوەن چیاکۆ، ئەندامی مەجلێسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، دەڵێت ئەگەر گۆڕانکاری یاسایی و دیموکراتیک لە ئێراندا بکرێت، ئەوە ئەوان ئامادن بچنە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە. ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “هەورامان نیوز” هۆشداری داوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی “نکۆڵی و سەرکوتکردن” بەردەوام بێت، پژاک تێکۆشانەکەی بەرزتر و چڕتر دەکاتەوە.

چیاکۆ، لەم چاوپێکەتنەدا، ئاماژەی بە دۆخی سیاسی و ئابووری ئێران کردووە و گوتوویەتی وڵاتەکە “لەگەڵ قەیرانگەلی قووڵی ناوخۆیی و دەرەکی” رووبەڕووە، و ئەگەر گۆڕانکاری بنچینەیی نەکرێت، ئەوە “رژیم تووشی داڕمان و هەڵوەشاندنەوە” دەبێت.

ئەو لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داهاتووی پژاک لە ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان، جەختی کردۆتەوە کە ئەم جۆرە پێشکەوتنە بە شێوەیەکی بەرچاو “هێزی گەوەر بە گەلی کورد بە گشتی و بەتایبەتی بە پژاک و رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات”.

ئەندامی مەجلێسی پژاک ئاماژەی بە داواکارییەکانی ئەم پارتە کردووە و گوتوویەتی: ” ئەگەر هەلێک بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی هەبوونی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی کورد قەبووڵ بکرێت. دان بە مافەکانی‌دا بنرێت و رێگە هەموار بێت تا مافەکانی کورد یاسایی بکرێن و لە دەستووری بنەڕەتیدا گەرەنتی بکرێن، هەر وەها درگا بۆ سیاسەتی دیموکراتیک بکرێتەوە گەلی کورد بتوانێت سیاسەتی خۆی بکات، ئێمە ئامادەین بۆ پرۆسەیەکی هاوشێوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک لە ئێران کە ئێستا لە لایەن تەڤگەری باکوورەوە لەگەڵ تورکیا بەرێوە دەچێت.”

ئەو هەروەها هۆشداری داوە و وتوویەتی: ” ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەست لە سەرکوتکاری خۆی بەرنەدا و وەک بەرێ نزیک ببێتەوە، ئێمە تێکۆشان بە گشتی و پاراستنی ‌رەوا بەتایبەتی تا گەیشتن بە مافەکانمان بەرز دەکەینەوە.”

Live
Hide picture