پەسەندکردنی “بەیاننامەی نیویۆرک” لە کۆنفڕانسی دوو دەوڵەتی‌دا؛ پشتگیریی ١٤٢ وڵات لە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین

راگەیەنداروی کۆتایی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی “چارسەری دوو دەوڵەت” بە پەسەندکردنی “بەیاننامەی نیویۆرک” و بە پشتگیری ١٤٢ وڵات لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکرایەوە. لەم راگەیەندراوەدا، دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین وەک رێگەیەکی “بێ گەڕانەوە” ناوێ لێ هێنراوە و پێشوازی لە بڕیاری چەندین وڵاتی رۆژئاوایی بۆ بەفەرمی ناسینی ئەو دەوڵەتە کراوە. ئەم بەڵگەنامەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بڕدان و داگیرکردنی خاکی فەڵەستین “هێڵی سوور”ە، و داوای راگرتنی شەڕی غەزە، ئازادکردنی بارمتەکان، و رێگەدان و ئاستەنگی درووست نەکردن بۆ یارمەتییە مرۆییەکان کردووە.

کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی “چارسەری دوو دەوڵەت” کە بە سەرپەرشتی هاوبەشی سعودیە و فەرەنسا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، بە پەسەندکردنی “بەیاننامەی نیویۆرک” و پشتگیری ١٤٢ وڵاتی جیهان، پێداگری لەسەر دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین وەک رێگەیەکی “بێ گەڕانەوە” کردەوە.

لە بەیاننامەی کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا، داوا لە ئیسرائیل کراوە کە بە وەستاندنی فراوانکردنی نیشتەجێبوونە نایاساییەکان و داگیرکاری، پابەندبوونێکی روونی خۆی بە چارسەری دوو دەوڵەت نیشان بدات و ئەم دەرفەتەی ئێستا بۆ گەیشتن بە ئاشتی “بە هەلێکی زێرین بزانێت”.

بەیاننامەکە هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە هەر هەوڵێک بۆ داگیرکردنی خاکی فەڵەستین “هێڵی سوور”ی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌یە و پەرچەکرداری قورسی بۆ رێکەوتنەکانی ئێستا و داهاتوو دەبێت.

لە تەوەرەکانی دیکەی بەیاننامەکە، پێویستی دەستبەجێی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەزە، دڵنیابوون لە گەیشتنی یارمەتی مرۆیی بەو کەرتە بەبێ ئاستەنگ، ئازادکردنی بارمتەکان، و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەم ناوچەیە خراوەتەڕوو. لەم چوارچێوەیەدا، جەخت لە گرنگی یەکپارچەیی غەزە و کەنارەی رۆژئاوا لەژێر چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین کراوە و پشتگیری خۆی بۆ چاکسازی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنە گشتییەکان لە ماوەی ساڵێک لە دوای ئاگربەست راگەیاندووە.

کۆنفڕانسەکە پێشوازی لە بڕیاری وڵاتانی وەک فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا، لوکسەمبورگ، و ماڵتا بۆ بەفەرمی ناسینی دەوڵەتی فەڵەستین کردووە و داوای لە دەوڵەتانی دیکە کردووە کە ئەم رێچکەیە بگرنەبەر. هەروەها دروستکردنی “هاوپەیمانیەکی فریاکەوتن بۆ پشتگیری لە فەڵەستین و دابینکردنی بودجە بۆ دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری” راگەیەندرا و داوا لە ئیسرائیل کراوە کە داهاتی باجی بلۆکەکراوی فەڵەستینییەکان دەستبەجێ ئازاد بکات.

Live
Hide picture