پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لە باشووری سوریا؛ سوپای ئیسرائیل ٧ هاووڵاتی سووریی دستبەسەر کرد

سەرچاوە خۆجێییەکان لە سوریا باس لە هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچەیەک لە پارێزگای ” قونەیتەرە” دەکەن کە لەوێ ژمارەیەک گەنج دەستبەسەر کراون؛ ئەمەش شەپۆلێک لە ترس و دڵەراوکێی لە نێو دانیشتوانی ئەو ناوچەدا درووست کردووە.

بە گوێرەی هەواڵە مەیدانییەکان، ڕۆژی چوارشەممە (٣ی سپتامبر) هێزەکانی ئیسرائیل چوونەتە ناوچەی “جباتا الخشب” و هەڵیان کوتاوەتە سەر یەکێک لە ماڵەکان و ٧ گەنجی سوورییان دەستبەسەر کردووە. شایەتحاڵەکان دەڵێن ئەم ئۆپەراسیۆنە ترس و دڵەراوکێی لە نێو خەڵکی ئەم ناوچەیەدا ناوەتەوە.

هاوکات، یەکەیەکی دیکەی سوپای ئیسرائیل بەرەو گوندەکانی ” العشّة” و ” الأصبح” لە باشووری قنەیتەرە پێشڕەویان کردووە و چەندین ماڵیان بە وردی پشکنیوە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لەم هەڵمەتەدا کەس دەستبەسەر نەکراوە و هێزەکان دوای چەند کاتژمێرێک لەو ناوچەیە کشاونەتەوە.

بە گوتەی ” چاوەدێری مافەکانی مرۆڤی سووریا” رۆژێک پێشتریش کاروانێک لە هیزەکانی ئیسرائیل پێکهاتوو لە ١٢ ئۆتۆمبێلی سەربازی لە دەروازەی رۆژئاوای کوندی ” العشّة” چوونەتە ناو گوندەکەوە دوای جێگیربوون لە گوندی ” الأصبح ” خاڵیکی پشکنینیان دامەزراندووە. لەم ئۆپەراسیۆنەدا، چەندین ماڵ پشکێنراون و فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئیسرائیلی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاوەتەوە.

ئەم جمووجۆڵانە لە کاتێکدایە کە چالاکییە سەربازییەکانی سۆپای ئیسرائیل لە سەر سنووری سوریا زیادی کردووە؛ مەسەلەیەک کە نیگەرانی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ناوچەکەی لێ کەوتۆتەوە. لە هەمانکاتدا، دەوڵەتی راگوزەری سوریا تاکوو ئێستا هیچ دژکردەوەیەکی فەرمی سەبارەت بەم کردەوانە و ” پێشێلکردنی سەرەوەری نەتەوەیی” سووریای لە لایەن ئیسرائیلەوە پیشان نەداوە.

هاوکات، حەفتەی رابردوو تام باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کارووباری سوریا، لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە چاوپێکەوتنی راستەوخۆ لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی راگوزەری سوریا و بەرپرسانی ئیسرائیلی لە ئارادایە.

Live
Hide picture