
پنتاگۆن لە راپۆرتێکی ورددا کە بۆ کۆنگرەی ئەمریکای نووسیوە، باسی لە لاوازی پێکهاتەی سەربازی حکومەتی راگوزەری سووریا و نفووزی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک “حراسالدین” لەم وڵاتەدا، کردووە.
ئەم راپۆرتە هاوکات لەگەڵ بەهێزبوونی پێگەی هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا (هـ.س.د) لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا/رۆژئاوا بڵاوکراوەتەوە.
لاوازی سوپای نوێی سووریا و نفووزی گرووپە توندڕەوەکان
بەپێی ئەم راپۆرتە ٧٠ لاپەڕەیی پنتاگۆن، سوپای نوێی سووریا پێکهاتەیەکی سەربازی یەکگرتووی نییە و پشتی بە هاوپەیمانییەکی لاواز لە سەرکردەکانی “هەیئەتی تەحریری شام” (جەبهە النصرەی پێشوو) و هەندێک چەکداری سوننەی توندڕەو بەستووە. راپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە نفووزی گرووپی “حراسالدین” لە شاری دیمەشق دەکات کە لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەمریکادایە. ئەم گرووپە سەرەڕای ئەوەی دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد خۆی هەڵوەشاندەوە، بەڵام هێشتا کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا هەیە.
بەهێزبوونی هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا
پنتاگۆن لەم راپۆرتەدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بەرفراوانکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا دەربڕیوە و مەزەندەی کردووە کە ئەم دۆخە بەهێزبوونی زیاتری هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا لە رۆژئاوای لێ دەکەوێتەوە. ئەم هێزانە کە لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پشتگیری دەکرێن، لەچاو جاران سەربەخۆیی زیاتریان بەدەست هێناوە. راپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکادا دەکات. لەجیاتی یەکخستنی هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا لەگەڵ دیمەشق، پێکهاتەی ئەم هێزانە لە بەرژەوەندی نیشتمانی ئەمریکادا دەپارێزرێن.
نیگەرانییەکانی کۆنگرە و بەردەوامی سزاکان
بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە نیگەرانی لە لای کۆنگرەی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری کەمکردنەوەی سزاکان لەسەر دیمەشق دروست کردووە. ئەمە دەشێت کێشە بۆ درێژەدان بە سزاکان یان جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئابوورییەکانی حکومەتی راگوزەر لەگەڵ هەندێک وڵات بۆ حکومەتی ئەمریکا دووست بکات.
نفووزی گرووپەکانی سەر بە قاعیدە
بەپێی وێبسایتی “ئەلمانیتۆر”، هەندێک لە ئەندامانی پێشووی گرووپی تیرۆریستی “حراسالدین” هەوڵ دەدەن نفووزی زیاتر لە نێو پێکهاتەی حکومەتی نوێی سووریا بەدەست بهێنن. بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی بەرگری ئەمریکا باوەڕیان وایە گرووپەکانی سەر بە قاعیدە تا ئاستێک بە سەربەخۆیی و بە جیا لە “هەیئەتی تەحریری شام” کاردەکەن. ئەم دۆخە ئەو دەرفەتەی بە ئەندامانی پێشووی “حراسالدین” داوە کە کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا دابنێن.
ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا دژ بە حراسالدین
لە کاتی دامەزراندنی گرووپی “حراسالدین” لە ساڵی ٢٠١٦، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا دەیان کەس لە ئەندامانی ئەم گرووپەیان لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باکووری رۆژئاوای سووریا کوشتووە. سەرەڕای ئەوەی ئەم گرووپە دوای دامەزراندنی حکوومەتی راگوزەر سووریا لە کۆتایی ساڵی پار خۆی هەڵوەشاندەوە، ئەندامەکانی هێشتا لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەتی نوێ کار و چالاکی دەکەن.
دانانە کێشەلەسەرەکان و نیگەرانییەکانی ئەمریکا
لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، حکومەتی راگوزەری سووریا، “ئەحمەد ئیحسان فیاض ئەلحایس”، یەکێک لە چەکدارە توندڕەوەکانی، بە فەرماندەی “لشکری ٨٦” کە بەرپرسی ناوچەکانی دێرەزوور، حەسەکە و رەققەیە، دانا. ئەم دانانە تووڕەیی توندی ئەمریکای لێ کەوتەوە، لەبەر ئەوەیکە ئەلحایس لە ساڵی ٢٠٢١ دا و بەهۆی ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ دژ بە کەمایەتییەکانی سووریا، ناوی لەناو سزادەرانی ئەمریکادایە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم دانانەی وەک “هەڵەیەکی گەورە” ناو برد و وتی کە واشنتۆن پشتگیری لەمە ناکات.
هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سووریا
لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، تۆماس براک، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، ڕایگەیاند کە واشنتۆن لەبری هەوڵدان بۆ دەرکردنی هەموو چەکدارە بیانییەکان، تەنیا بە چاودێری چالاکییەکانیان و ئاڵوگۆڕی زانیاری رازی بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا چالاکی سەربازی خۆی لە سووریا و عێراقدا کەم کردووە، بەڵام هێشتا سەبارەت بە بازنەی کاربەدەستانی حکومەتی راگوزەر و نفووزی گرووپە توندڕەوەکان لەسەریان نیگەرانە.
ئەم راپۆرتە ئاڵۆزیی باروودۆخی سووریا و ئاستەنگەکانی بەردەم سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم وڵاتەدا دەخاتە روو، بەتایبەتی لەسەر کیشەی هاوسەنگی دانان لە نێوان پشتیوانی هاوپەیمانە ناوچەییەکان و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان.
