
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە بەیاننامەیەکدا بۆ بەرزڕاگرتنی یادی “نوورەدین سۆفی” یەکێک لە فەرماندە پێشەنگەکانی تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستان، بەبیری هێنایەوە کە شەهید نوورەدین لە هەر چوار پارچەی کوردستان خەباتی کردووە و “دەستکەوتی گەورەی” بۆ گەلی کورد خولقاندووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پەژاکدا هاتووە: نورەدین سۆفی، کە فەرماندەی “هێزەکانی پاراستنی گەل” (هەپەگە) بوو، لە ٦ی نیسانی ٢٠٢١ شەهید بوو و یادی بۆ هەمیشە لەنێو گەلی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەژی.
پەژاک لە بەیاننامەکەیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر ماڵپەری فەرمیی ئەو حیزبە بڵاو کراوەتەوە، شەهید نورەدین سۆفیی وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ناو دەبات کە “بە سەرکردایەتییەکەی شێوازی خەباتی بێهاوتای دامەزراند بۆ پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی ژینۆسایدی دوژمنانی گەلی کورد.”
پەژاک هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی نوورەدین سوفی لە سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو شەهیدە پایەبەرزە توانیویەتی گەلان و کولتوورە هەمەچەشنەکانی کورد، عەرەب، سوریانی، ئەرمەنی، تورکمان و چەرکەس کۆبکاتەوە و مۆدێلێکی یەکسانیی بێهاوتا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دابین بکات.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، پەژاک وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید نورەدین سۆفی، گەلی کورد و ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئەو مەشخەڵەی کە نوورەدین سۆفی دایگیرساند “ڕێگای خەبات لە هەر چوار پارچەی کوردستان ڕۆشن دەکاتەوە”.
دەقی لێدوانەکەی پەژاک:
«شەهید نورەدین سووفی بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان تێکۆشا و دەسکەوتی گەورەی بەدیهێنا
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی «هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)»، هەڤاڵ «نورەدین سووفی»، یەکێک لە فەرماندە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد و پابەندە ڕاستەقینەکان بە سەرۆک ئاپۆ، لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٦ی نیسانی ٢٠٢١دا شەهید بووە. یاد و بیرەوەری شەهید سووفی لەلایەن گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانەوە هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە.
هەڤاڵ نورەدین سووفی یەکێک بوو لە پێشەنگەکان کە ڕۆڵێکی بێوێنەی لە پێشبردنی شۆڕشی ئازادیخوازی کورد هەبوو و میراتییەکی گەورە بۆ مێژوو بەجێهێشت. ئەو یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و نموونەی سەرکردەیەکی گەورە بوو کە بوو بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان، و ڕێگای شۆڕشگێڕانەی ئەو، ڕێگایەکی ڕاستەقینەی ئازادییە کە گەلەکەمان بۆی دەیان هەزار شەهیدی پێشکەش کردووە. هەڤاڵ سووفی بەڕاستی بە فەرماندەیی خۆی، شێوازەکانی تێکۆشانی بێوێنە و فیداکاری و فەداییگەری بێگەردی دامەزراند کە توانی سیاسەتی قڕکردنی دوژمنەکان پووچەڵ بکاتەوە. ئەگەر ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە ئازادی نزیک بووەتەوە ، ئەوە بەهۆی سەرکردایەتی و پێشەنگایەتی شەهیدانی وەک هەڤاڵ سووفییە.
هەڤاڵ سووفی لە ڕۆژئاوای کوردستان بناخەی شۆڕشێکی دانا کە هەموو جۆرە جیاوازییەکانی گەل و کولتوورە جیاوازەکانی کورد و عەرەب و سوریانی و ئەرمەنی و تورکمان و چەرکەس کۆکردەوە، و بە یەکسانییەکی بێوێنە، نموونەی شۆڕشێکی گەورە بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
هەڤاڵ سووفی ڕێگایەکی لە بەردەم شۆڕشی گەلەکەماندا کردەوە کە بە دڵنیاییەوە دەگاتە ئازادی تەواو. ئەو دووبارە دوای شەهید عەگید، شێوازی سەرکردایەتی دروستی لە شۆڕشی کوردستانەدا سەلماند. بەم هۆیەوە شۆڕشی گەلەکەمان پتەو بووە.
«پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)» سەرەخۆشی لە تەواوی گەلی کورد و سەرۆک ئاپۆ، بەتایبەتی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و خێزانەکەی، دەکات و یادی شەهید نورەدین سووفی بەرز ڕادەگرێت. شەهید نورەدین سووفی بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان تێکۆشا و دەسکەوتی گەورەی بەدیهێنا. بێگومان ئەو مەشخەڵەی کە شەهید سووفی بە شۆڕشگێڕییەکی حەقیقەتجۆیانەی خۆی هەڵیگیرساند، ئەمڕۆ ڕێگای تێکۆشان لە هەر چوار پارچەی کوردستان ڕووناک دەکاتەوە. میراتی تێکۆشانی ئەو و ڕێگای سەرکردایەتی بێوێنەی بۆ هەمیشە هەرمان دەبێت، و شۆڕشەکەمان بە هێزگرتن لەم ڕێگایە، کە پڕ لە شوێنکەوتووانە، دەگاتە ئامانجی کۆتایی و ئازادی تەواو.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)
١٢ی ئابی ٢٠٢٥، بەرامبەر بە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٤»
