پژاک: ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە سەرزەمینی ژنانی ئازاد

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک، بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەم ڕۆژەی لە هەموو ژنان، بە تایبەتی ژنانی زەحمەتکێش، ئازادیخواز و دیموکراسیخواز پیرۆز کرد. پەژاک بە ئاماژەدان بە دۆخی هەنووکەیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی وەک یەکێک لە سیستەمە دژە ژنەکانی ناوچەکە ناو بردووە و جەختی کردۆتەوە کە قۆناغی گۆڕانکارییەکانی ئێراندا، مافی ژنان و بەشداریی سیاسیی ئەوان دەبێت لە پێشینەی بەرنامەکانی سیستەمی داهاتوودا بێت.

لە ڕاگەندراوەکەدا هاتووە: ڕژێمی کۆماری ئیسلامی یەکێکە لە سیستەمە دژە ژنەکانی ناوچەکە و دوای زیاتر لە چوار دەیە حوکمڕانی، کۆمەڵگەی ئێران لە لێواری گۆڕاندا قرارە. بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی هۆکاری بەرزبوونەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگە بوون و ئاسۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان کردووە.

پەژاک تەئکیدی لەسەر چەسپاندنی مافەکانی ژنان و بەشداریی ئەوان لە سیستەمی سیاسیی داهاتوودا کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە:  کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک تەنها کاتێک دروست دەبێت کە مافی ژن و ژینگە و کۆمەڵگە بە یەکەوە بپارێزرێن.

پەژاک هەروەها جەختی کردۆتەوە کە داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت ببێتە سەرزەمینی ژنانی ئازاد.

پژاک هەروەها داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیی ژن لە ئێران کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە تێکۆشانی ژنانی کورد لە ناوچەکە بووەتە هێزێکی شۆڕشگێڕ و پاڵپشتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە جیهاندا هێشتا سیستەمێکی هەژموونگەرایی و پیاوسالار بەسەر کۆمەڵگەکاندا زاڵە و ژنان وەک مرۆڤی تەواو قبووڵ ناکات، بۆیە بەردەوامی تێکۆشان بۆ ماف و ئازادیی ژنان پێویستە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پژاک بەم شێوەیەیە:

پارتەکەمان ڕۆژی جیهانیی ژنان لە هەموو ژنان و بەتایبەت ژنانی زەحمەتکێش و ئازادیخواز و دیموکراسیخواز پیرۆزدەکات، بێگومان لە قۆناغی داهاتوودا، ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە سەرزەمینی ژنانی ئازاد.

هەرچەندە تێکۆشانی بزووتنەوەکانی ژنان لەسەر ئاستی جیهانی لەسەر بنەمای هۆشیاری ئایدیۆلۆژیی و پارادایمیی بەردەوامە، بەڵام هێشتا سیستەمێکی هەژموونگەرایی لەسەر بنەما و ڕێسای دژە ژن خۆی بەسەر ژیان و جیهاندا سەپاندووە، ژن وەک مرۆڤ قبووڵ ناکات و وەک ڕەگەزی دووەم مامەڵەی لەگەڵ دەکات، لە جیهانێکی وەهادا کە هەموو پێشکەوتنە تەکنەلۆژیی و هونەریی و زانستییەکان و هەموو دەسەڵاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی لە خزمەت سیستەمی حوکمڕاندایە بۆ بە کۆیلەکردنی ژنان، مۆدێل و جۆرێک لە ژیانی هاوتەریب بەمە داڕێژراوە، لە جیهانێکی وەهادا، تێکۆشانێکی ڕۆژانە پێویستە.

لە ئێرانی ئەمڕۆدا کە یەکێکە لە سیستەمە دژە ژنەکانی ناوچەکە، حوکمڕانییەکەی بە پیاوسالاری ڕەنگڕێژبووە و دوای زیاتر لە چوار دەیە ئێستە ئەم کۆمەڵگەیەی خاڵیە لە ئازادیی ژنان، لە لێواری ڕووخاندایە و هەموو شتێک بووە بە ئامرازێکی ترسناک بۆ دژایەتیی ژنان.

بێگومان کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ڕووەوە گەیشتوونەتە ئاستێکی بێداربوونەوە کە بەسە بۆ بەدیهێنانی شۆڕشێک بە پێشەنگایەتیی ژنان، ئێستا کە شۆڕشی گەلانی ئێران بە تایبەت “شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی” گەیشتووەتە لوتکە و لە مانگی کانوونی دووەمیش کۆمەڵگە جارێکی دیکە شەپۆلێکی بێداربوونەوە و ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینی، ئاسۆی کۆتاییهێنان بە ستەم لە دژی کۆمەڵگە و ژنان دەرکەوت، ئێستا کۆماری ئیسلامیی دژە ژن گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی خۆی و زیاتر لە جاران سەلمێنراوە کە ئێرانی نوێ تەنها لەسەر بنەمای “ژن، ژیان، ئازادی” دەتوانێت سیستەمێکی شایستە بە فرەڕەنگییەکەی بەدەست بهێنێت.

لەم پڕۆسەیەدا کە ئێران لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە و گۆڕانی ڕژێم نزیکە، بەلای پارتەکەمانەوە ​​چارەنووس و مافی ئازادیی ژنان لە پێشینەی هەموو پرسەکانە، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا پڕۆسەی گۆڕانکارییەکانی ئێرانی خێراتر کردووە، بەڵام ئەوەی فۆرمێکی ئازادیخوازانە بە کۆمەڵگە دەبەخشێت، خودی کۆمەڵگەی بەئاگا و هۆشیارە.

 لەم ڕووەوە، تەنها بە پەنابردن بۆ دیاردەی دیموکراسی و بنیاتنانی شارستانیەتێکی دیموکراتیک، ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێگەی شایستەی خۆیان پێدەدرێت، ئەم پێگەیە بە قبووڵکردنی فەرمیی مافی ژنان بۆ بەشداریی لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، دەستپێدەکات، چونکە ئەوان هێزی سەرەکی شۆڕشی نوێی ئێران بوون، هەر ئەمەش پێوەری ئێرانە لە داهاتووی نزیکدا، بۆ سیستەمی نوێی ئێران، پێویستە چارەنووسی “کۆمەڵگە، ژن و ئیکۆلۆژی – ژینگە” لە پێشینەی هەموو بەرنامەکاندا بێت و کۆمەڵگەیەکی ئازاد دەبێت بە ئازادیی ئەم سێیە بپێورێت، بەتایبەتی ئازادیی ژن.

بۆیە کۆمەڵگەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم گەورەترین تاقیکردنەوەی مێژووییدان، پارتەکەمان پابەندە بەم پرەنسیپانەوە بۆ بەدیهێنانی مافە سرووشتییەکانی ژنان و لەم پێناوەدا تێدەکۆشێت، لە ئێستاوە بە ئازادکردنی ژنە زیندانیانی سیاسی لە ئێران پێویستە گۆڕان دەست پێ بکات و بە کەڵک وەرگرتن لە دەستکەوتە ڕزگاریخوازەکانی تەڤگەری کورد، دەبێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی جوان بنیات بنرێت.

ئەمڕۆش، ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دەرەوەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، خاوەنی ڕێکخستنی هێزی شۆڕشگێڕیی و گەریلایین، کە بەگوێرەی پارادایمی “کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک لەسەر بنەمای ئازادیی ژن” کار دەکات و بووەتە پاڵپشتیی گەلانی هەرێمەکە و ژنانی ئازادیخوازی جیهان.

ئەم پێشکەوتنەی ژنانی کورد، دۆخی کارەساتباری دژە ژنی و دواکەوتوویی سیستمە سیاسییەکانی وڵاتانی ناوچەکە تێدەپەڕێنێت، ئەم دەستکەوتانەش لە سایەی تێکۆشان و هەوڵی دەیان ساڵی ڕابردوودا بەدەست هاتوون و بۆ گەلانی ناوچەکە و بەتایبەت گەلی کورد بەنرخن.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەبۆنەی ٨ـی ئادارەوە، ڕۆژی جیهانیی ژنان لە هەموو ژنان و بەتایبەت ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز و دیموکراسیخواز و تەواوی کۆمەڵگەی هۆشیار و بێدار پیرۆزدەکات، هەروەها کۆمەڵگەی دژە ژن و دواکەوتوو، کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارە و ئەم بونیادە لە نێو گەلی کورددا هیچ مانایەکی نەماوە.

 هاوکاتبوونی گۆڕانی مێژوویی ئێران لەگەڵ ڕۆژانی نزیکبوونەوەی ٨ـی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنان، زۆر مانادارە، ئازادیی ژنان لە ئێرانێکی گۆڕاودا پێشمەرجی هەموو ئازادییەکانە و ئازادیی گەلی کورد و ئازادیی ژن پێکەوەبەستراون، بەهێزی تەڤگەرەکەمان دەگەڕێتەوە بۆ تێکۆشانی یەکگرتووی گەلەکەمان و ژنان و ڕێبەرێتیی ڕێبەر ئاپۆ، کە ژنانی کوردی گەیاندە شوێنی شیاوی خۆیان.

 لەمەودوا بە پەنابردن بۆ “تێکۆشان، یەکێتیی نەتەوەیی-دیموکراتیک و ڕێکخستنی کۆمەڵگە”، دەتوانرێت ئازادییەکی تەواو بەدی بهێنرێت.

Live
Hide picture