پلانی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبردنی غەزە و ئەگەری رۆڵگێڕانی تۆنی بلێر

رۆژنامە و میدیاکانی جیهانی رۆژی هەینی ٤ی رەزبەری ١٤٠٤ (٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥) بڵاویان کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دژایەتی خۆی بۆ پلانی بڕدانی کەنارەی خۆرئاوا لە لایەن ئیسرائیل‌ەوە راگەیاندووە؛ ئەمەش بە هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ جیهانی عەرەبی دانراوە.

هاوکات، رۆژنامەی «فاینانشیاڵ تایمز» دەڵێت کە لە چوارچێوەی پلانێکی ئەمریکی ناوی تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، بۆ سەرۆکایەتی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە بەڕێوەبردنی غەزە هاتووەتە.

ترەمپ: پڕدانی کەنارەی رۆژئاوا رادەوەستێت
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە لە پەڕاوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە کاتی دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، وتی: «ناهێڵم ئیسرائیل کەنارەی خۆرئاوا بڕبدات. کاتی وەستاندنی ئەم پرۆسەیە هاتووە.»

ئەم قسانە تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە بەریتانیا، کەنەدا، و فەرەنسا بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستین‌دا نا.

بە گوێرەی «نیویۆرک تایمز»، هەڵوێستی نوێی ترەمپ تەنیا کەمێک پێش وتارەکەی بنیامین نیتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دێت کە لەژێر گوشاری هاوپەیمانانی راستڕەوی خۆیەدایە بۆ ئەوەی پڵانی بڕدان خێرا جێبەجێ بکات.

ئێستا لە کەنارەی خۆرئاوا نزیکەی سێ ملیۆن فەلەستینی و نیو ملیۆن کۆڵۆنی و شارۆچکەنشینی ئیسرائیلی دەژین.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، راگەیاند کە لە گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپ‌دا، رێککەوتوون کە پەرەپێدانی شارۆچکە ئیسرائیل‌یەکان «نە بە قازانجی ئاشتییە و نە پەیوەندیشی بە کۆنتڕۆڵکردنی حەماسەوە هەیە». لە بەرامبەردا، نیتانیاهۆ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە: «هیچ دەوڵەتێکی فەلەستینی لە کەنارەی خۆرئاوا دروست نابێت.»

شارەزایان، ئەم هەڵوێستەی ترەمپ بە گۆڕانێکی بەرچاو دەزانن؛ گۆڕانێک کە دەتوانێت پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئارامتر کاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت دژایەتی راست‌ڕەوەکانی ئیسرائیل بە دوای خۆیدا بێنێت.

تۆنی بلێر لە رۆڵی بەڕێوەبەری غەزە دا
رۆژنامەی «فاینانشیاڵ تایمز» هەواڵی داوە کە حکومەتی ئەمریکا خەریکە پلانێکی گواستنەوە بۆ غەزە لە دوای شەڕ ئامادە دەکات؛ پلانێک کە دروستکردنی لیژنەیەکی فەڵەستینی بۆ بەڕێوەبردنی غەزە لەژێر چاودێری ئەنجومەنێکی نێودەوڵەتی و دامەزراندنی هێزێکی ئاشتیی نێودەوڵەتی، لەخۆ دەگرێت.

بە گوێرەی ئەم هەواڵە، ناوی تۆنی بلێر وەک هەڵبژاردەیەک بۆ سەرۆکایەتی لیژنەی نێودەوڵەتی تایبەت بە بەڕێوەبردنی غەزە هاتووە. ئۆفیسی بلێر ئەمەی پشتڕاست یان رد نەکردۆتەوە، بەڵام گوتراوە کە مانگی رابردوو لە واشنتۆن لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ جێرێد کوشنر، زاوا و راوێژکاری ترەمپ، سەبارەت بەم پلانە گفتوگۆ کراوە.

سەرەڕای ئەوە، هەندێک وڵاتی عەرەبی و ئەورووپی نیگەرانی خۆیان لەسەر ئەم بیرۆکەیە دەربڕیوە و هۆشدارییان داوە کە ئەمە دەتوانێت پەراوێزکەوتنی فەڵەستینییەکانی لێ بکەوێتەوە. ئەم وڵاتانە جەختیان کردووە کە بەڕێوەبردنی غەزە دەبێت لەژێر دەستی لیژنەیەک لە تەکنۆکراتە فەلەستینییەکاندا بێت کە لەژێر چاودێری دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین‌دا کار بکات.

وردەکارییەکانی پلانی ئەمریکا بۆ غەزە
بە گوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، پلانی ئەمریکا ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەزە؛ ئازادکردنی هەموو دیلەکان؛ گەرەنتی کۆچپێنەکردنی زۆرەملێی دانیشتووانی غەزە و دەرچوونی لەسەرەخۆی هێزەکانی ئیسرائیل دوای دامەزراندنی هێزێکی نێودەوڵەتی، لەخۆدەگرێت.

داهاتووی ئەم پلانە هێشتا بە هەڵوێستی بنیامین نیتانیاهۆوە گرێدراوە؛ سەرۆک وەزیرانێک کە بە توندی رۆڵی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە غەزە رەتدەکاتەوە.

Live
Hide picture