پلانی ئاشتی ٢٠ خاڵیی ترەمپ بۆ غەزە؛ پێشوازی بەرفراوانی ناوچەیی و ئەورووپی

سەرکردەکانی ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشوازیان لە پلانی پێشنیازکراوی ئەمریکا بۆ کۆتایی‌هێنان بە شەڕی غەزە کردووە. سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئەم پلانە رێککەوتوون. ئەم پلانە وەستاندنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ئازادکردنی دیلەکان لە خۆ دەگرێت.

بەپێی ئەم پێشنیازە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەبێ دەستبەجێ بوەستن و حەماس لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا ٢٠ دیلی زیندووی ئیسرائیلی و تەرمی زیاتر لە ٢٠ دیلی مردووش تەحویلی لایەنی بەرامبەر بدات. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل سەدان زیندانیی فەلەستینی ئازاد دەکات. بە پێی ئەم رێککەوتتنە لە بەرامبەر رادەستکرنی پاشماوەی هەر دیلێکی ئیسرائیلی، پاشماوەی ١٥ فەڵەستینی رادەست دەکرێت.

دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین، هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپی بە “راستگۆ و بەرچاو” دانا و جەختی لەسەر هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا، وڵاتانی ناوچەکە و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ کردەوە.

هەروەها، وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات، سعودیە، قەتەر، میسر، ئوردن، تورکیا، ئیندۆنیزیا و پاکستان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، پێشوازیان لە “سەرکردایەتی و هەوڵی راستگۆیانەی ترەمپ” کرد و رایانگەیاند کە ئامادەن بۆ کۆتایی‌پێهێنان و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ واشینگتۆن هاوکاری بکەن.

ئەوان دەڵێن کە ئەم پرۆسەیە دەبێ ببێتە هۆی “چەسپاندنی چارەسەری دوو دەوڵەت” و غەزە  و کەنارەی رۆژاوا ببنە بەشێکی دانەبڕاو لە دەوڵەتێکی فەڵەستینی.

سەرکردە ئەورووپییەکانیش پشتیوانیان لەم دەستپێشخەرییە کردووە. ئانتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا، پێشوازی لە وەڵامی ئەرێنی بنیامین ناتانیاهۆ کرد و جەختی لەسەر پێویستی ” دەرفەتدانێکی راستەقینە بۆ ئاشتی” کردەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، گوتی کە پاریس ئامادەیە لە پرۆسەی ئازادکردنی دیلەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕدا بەشدار بێت. جۆرجیا مەلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، ئەم پێشنیازەی بە “خاڵێکی وەرچەرخان لە پرۆسەی ئاشتی”دا دانا و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ئەم پلانە پەسەند کەن.

پلانی ٢٠ خاڵیی کۆشکی سپی هەروەها دەڵێت کە حەماس هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەزەدا نابێت، چەکەکانی دادەنێت و تونێلەکان و کەرگەکانی بەرهەمهێنانی چەک وێران دەکرێن. لە بەرامبەردا، یارمەتییە مرۆییەکان دەستبەجێ دوای پەسەندکردنی پلانەکە لەلایەن هەردوو لاوە، بەبێ دواکەوتن بۆ غەزە دەنێردرێن.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ نەتانیاهوو، ئەم پلانەی بە “رۆژێکی مێژوویی بۆ ئاشتی” ناوبرد و هۆشداری دا کە ئەگەر حەماس پەسەندی نەکات، ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا “کۆتایی بە مەترسییەکانی حەماس دێنێت”. ناتانیاهۆش جەختی کردەوە کە ئەگەر حەماس رێککەوتنەکە رەت بکاتەوە یان جێبەجێی نەکات، ئیسرائیل هێرشەکانی بەردەوام دەکات.

Live
Hide picture