وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: دەرفەتی خۆرێکخستنەوەی سەربازی بە ئێران نادەینەوە

ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە سوپای ئەم وڵاتە لەم ئۆپەراسیۆنە دواییدا لە بە ئامانجگرتن و لەناوبردنی بەشە گرنگەکانی بەرنامەی ناوکی و سیستەمی موشەکی کۆماری ئیسلامیدا سەرکەوتوو بووە.

ئەو گوتی کە بەشی ناوکی و مووشەکی گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل بوون و ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو ئەم مەترسییانە پووچەڵ بوونەتەوە.

کاتس هەروەها لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا و هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل کۆبووەوە و وتی ئەرکی داهاتووی سوپای ڕێگریکردن لە نوێکردنەوە و خۆرێکخستنی سەربازی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە.

بە گوتەی ئەو، هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران گورزی لە ژێرخانی چەکداری و ناوەندە حوکمییەکان داوە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل گوتی کە سوپا دەبێت ئامادە بێت بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا سەرەوەری سەربازی خۆی لە ئاسمانی تاران بپارێزێت، بۆ ئەوەی تاران جارێکی دیکە نەبێتەوە بە مەترسییەک بۆ سەر هەرێمەکە.

 

Live
Hide picture