وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: جەنگ لە هەڵکشاندایە و تا ئەوکاتەی پێویست بێت بەردەوام دەبێت

جەنگ دژی ڕژێمی ئێران کەوتە سێیەمین هەفتەوە، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، جەنگ لە هەڵکشانداتە و تائەوکاتەی پێویست بێت بەردەوام دەبێت.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕایگەیاند، شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران لە هەڵکشاندایە و دەچێتە قۆناغێکی چارەنوس سازەوە.

ئاشكرای کرد، تائەوکاتەی پێویست بێت جەنگ بەردەوام دەبێت.

ئەوەشی خستۆتە ڕوو، دەچنە قۆناغیکی یەکلاکەرەوەی ململانێکانەوە لە نێوان هەوڵەکانی ڕژێمی ئێران بۆ ڕووبەڕووبونەوە و ڕادەستبونی.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ناوخۆی ئێران گەل بە تەنها توانای ئەوەی هەیە بە ڕوخانی ڕژێمی ئێران لە تاران کۆتایی بە ڕووبەڕووبونەوەکە بهێنێت.

ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەکاتێکدایە، پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، ئەوەی خستۆتە ڕوو، ئێران دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایهێنان بە شەڕەکە کە چۆتە هەفتەی سێیەم.

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، بەو ڕێککەوتنە ڕازی نییە و جەختی لەوەکردۆتەوە تائەوکاتەی پێویست بێت شەڕ بەردەوام دەبێت و ئەوەی ڕەتکردەوە کاتێکی دیاری بکات بۆ کۆتاییهێنانی.

هەروەها بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جەختی لەوەکردۆتەوە، ئەوان بڕیاری لاوازکردنی ئێران و ڕوخانی ڕژێمەکەیان داوە.

Live
Hide picture