وۆڵ ستریت ژۆرناڵ: داعش لە بۆشایی ئەمنیی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کەڵک وەردەگرێت

رۆژنامەی «وۆڵ ستریت ژۆرناڵ» لە راپۆرتێکی نوێدا نووسیویەتی کە گروپی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠٢٥دا چالاکییەکانی لە باکوری رۆژهەڵاتی سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشە پێداوە. رۆژنامەکە هۆکاری ئەمە بە «کەمبوونەوەی ئامادەیی سەربازی ئەمریکا و ئاڵۆزی سیاسی دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا» دەزانێت.

بەپێی زانیارییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) کە بەم رۆژنامەیەی داوە، داعش تا کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٥، بەلانی کەمەوە ١١٧ هێرشی ئەنجام داوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ژومارەیە لە ساڵی ٢٠٢٤دا تەنیا ٧٣ هێرش بووە. ئەم زیادبوونە بەرچاوە بە نیشانەی بەهێز بوونەوەی داعش لێکدراوەتەوە.

لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا، حەوت کەس لە هێزەکانی قەسەدە گیانیان لەدەست دا. لە یەکەم هەفتەی سێپتەمبەریشدا هەشت هێرشی نوێ ئەنجام دران و بە هۆی تەقینەوەی مین دوو ئەندامی هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا کوژران.

بە وتەی راپۆرتەکە، پارێزگای دێرەزۆر جارێکی دیکە بووەتە ناوەندی سەرەکی چالاکییەکانی داعش، و ژمارەی ئەندامانی ئەم گروپە لەو ناوچەیە نزیکەی سێ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

یەکێک لە فەرماندەکانی قەسەدە، «گۆران تەل تەمر»، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەم رۆژنامەیە وتویەتی: «کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆتە هۆکاری زیاد بوونی جوڵەکانی داعش. لە هەمان کاتدا، نارەزایی خەڵک لە خراپی دۆخی ئەمنی بە قازانجی ئەم گروپە تەواو دەبێت.»

راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەمریکا لە مانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە دەستی بە کشانەوەی نزیکەی ٥٠٠ سەرباز لە کۆی دوو هەزار هێزەکەی لە سوریا کردووە و هەندێک بنکەی سەربازی رادەستی هێزەکانی قەسەدەکردووە.

بەپێی نووسینی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ، داعش لە بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی قەسەدە و هەروەها لاوازی سوپای حکومەتی کاتی سوریا دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا سوود وەردەگرێت.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەندامانی داعش لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا دەستیان بە کۆگاکانی چەکی سوپای پێشووی سوریا راگەیشتووە، و ئەمش توانای شەڕکردنیانی بەرزکردووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی قەسەدە هێشتا کۆنترۆڵی زۆرینەی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەکەن، بەڵام لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکان و پاراستنی نزیکەی ٥٠ هەزار ئەندام و بنەماڵەی داعش تووشی ئاستەنگی بوون. ئەم ئەندامانەی داعش زۆربەیان هاووڵاتی وڵاتانی ئەورووپین و حکومەتەکانیان بە خاوەن لێیان دەرناکەون.

لە کۆتاییدا، رۆژنامەکە هۆشداری داوە کە کەمکردنەوەی پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هێزەکانی قەسەدە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی داعش جارێکی دیکە لە سوریا ریشە داکوتێتەوە و کەلێن و ناسەقامگیری ئەمنی بۆ داڕشتنەوەی خۆی بەکار بێنێت.

Live
Hide picture