
بە گوێرەی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی ئاریەن، دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئیلام دۆسیەی لەدژی ١٨ هاوڵاتیی کورد لەم پارێزگایە کردۆتەوە.
ئەم کەسانە بە تۆمەتگەلی وەکوو «بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە لە سەر ئینتەرنێت و ڕاگەیاندنە کۆمەڵایەتییەکان» و «پڕوپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامی» دۆسییەیان لە دژ کراوەتەوە.
بە پێی بڕیارنامەی دەرچووی لقی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری ئیلام کە کۆپییەکی بە دەست تەلەفزیۆنی ئاریەن گەیشتووە، دانیشتنی لێکۆڵینەوەی ئەم دۆسیەیە لە ڕێککەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤دا بەڕێوەچووە.
لەم دانیشتنەدا، بەلانی کەمەوە بۆ سێ کەس بە ناوەکانی مەرزیە مەلیک، داریوش حاسڵی و وحید لەتیفنەژاد، بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی دەنگۆ» و «پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت» فەرمانی قۆڵبەستکردن دەرچووە.
هەروەها دۆسیە و بڕیاری دادگا بۆ شەش هاوڵاتی دیکەش دەرچووە.
ئەم دۆسیەیە بەشێک لە پرۆسەی گوشاری بەردەوامی ناوەندە دادوەرییەکان لە دژی چالاکوانان و هاوڵاتیانی کورد لە پارێزگای ئیلامە.
