هەپەگە ناسنامەی ٦ گەریلای شەهیدی کە لە ناوچەی زاپ گیانیان بەخت کردووە، راگەیاند

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ناسنامەی ٦ گەریلای ئازادی کوردستانی، کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ناوچەی زاپ شەهید بوون، ئاشکرا کرد و رایگەیاند ئەوان بە بەرخۆدانی خۆیان زاپیان لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیادا کرد بە «قەڵایەکی داگیرنەکراو».

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە دەنگتاڤ گیڤارا، ڕاپەڕین کاراز، نوژیان عەگید، ڕۆنی چیا ئالداش، باوەڕ قامیشلۆ و دڵسۆز کۆبانێ لە هەمبەر هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەی زاپ گیانی خۆیان بەخت کردووە. بەیاننامەکە دەڵێت ئەم شەهیدانە، سەرەڕای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو، تا دوا هەناسە بەرگریان کرد و قارەمانیەتییەکی بێوێنەیان خولقاند.

هەپەگە لە درێژەدا، ئەم گەریلایانەی بە هێمای «قارەمانی، ئازایەتی و فیداکاری» داناوە و رایگەیاندووە ئەوان بە بڕوای قووڵیان بە پارادایمی ئاپۆیی و بە ئامانجی هێنانەدی پێکەوەژیان، خوشکایەتی و برایەتی گەلان و رۆنانی داهاتوویەکی ئازاد، تەڤلی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) ببوون.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم هێزانە، وەک منداڵانی گەلانی کورد و عەرەب، شان بە شانی یەک لە جیاکان و لە هەمبەر هێرشی بەرفراواندا بەرخۆدانیان کرد و بە پشت بەستن بە شیوازی گەریلایی توانیان بەسەر تەکنۆلۆژیا و هێزی سەربازی تورکیادا سەرکەون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەم گەریلایان بە « بوێری، فیداکاری، پسپۆریی تاکتیکی و ڕۆحییەتی فیدایی ئاپۆیی» ناوی خۆیان لە مێژووی تیکۆشان و بەرخۆدانی ئازادی خوازانەدا تۆمار کرد.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، هەپەگە وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر درێژەدان بە رێبازی ئەم گیانبەختکردوانە، بەڵێنی دووپاتە کردۆتەوە کە تا سەرکوتن و هێنانەدی داهاتوویەکی ئازاد بۆ گەلان درێژەدەری خەبات و تێکۆشانی ئەوان دەبێت.

هەپەگە وێڕای هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی ئەم شەهیدانە، سەرەخۆشی لە گەلانی کورد و عەرەب کردووە.

Live
Hide picture