
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، دوای شەڕی دوازدە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، نۆژەن کردنەوەی ناوەندە ئەتۆمییەکان بە خاوی بەرەوپێش چوون، بەڵام سەکۆ موشەکییەکان بە خێرایی نۆژەن کراونەتەوە. ئەم ڕاپۆرتە ئەمڕۆ ٦ی مانگی فێبریە و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی وتووێژەکانی ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان، بڵاو کراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی نیۆیۆرک تایمز، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو سەکۆ مووشەکییە سەرەکییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە پێکران، کاری نۆژەنکردنەوەی ئەو سەکۆیانە بەخێرایی دەستیان پێکرد.
ئەوە لەکاتێکدایە کە کاری نۆژەنکردنەوەی بنکە ئەتۆمییەکان خاوتر بووە. نیۆیۆرک تایمز شیکاریی بۆ ئەو وێنانە کردووە کە لە ڕێگەی سەتەلایتەوە گیراون و دەریدەخەن ئێران بە خێرایی چەندین بنکەی مووشەکی بالیستکی نۆژەن کردووەتەوە، بەڵام تەنها چاکسازییەکی سنوورداری لەو شوێنە ئەتۆمییە گەورانەدا کردووە کە بەر هێرشی فڕۆکە ئەمریکاییەکان کەوتبوون.
نیۆیۆرک تایمز نووسیوێتی: ئەم خێراییە جیاوازە لە ئاوەدانکردنەوەدا، ئاماژەیە بۆ ئەولەوییەتە سەربازییەکانی ئێران کە ئێستا خۆی لە ژێر هەڕەشە و مەترسی هێرشی سەربازی ئەمریکا دادبینێت.
لە شیکاریی نیۆیۆرک تایمزدا هاتووە لەئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بە پێی ئەولەویەتە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، پێدەچێت ئێران ستراتیژی بەرگرییەکەی لە سەر توانای مووشەکی هەڵچنیبێت تاوەکوو لە پێشدا ئیسرائیل و دواتریش ناوەندەکانی سەر بە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی پێ بە ئامانج بگرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ وتووێژی ئەمریکا و ئێران لە عەمان بەڕێوە چووە و بە پێی زانیارییە مێدیاییەکان، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بووە. ئێران ملی نەداوە بەویستی ئەمریکا تا واز لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت.
