
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا (سانا) شەوی سێشەممە رایگەیاند کە ئەسعەد ئەلشیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی سوریا، لە پاریس لەگەڵ رۆن دەرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل کۆبووەتەوە.
ئەم دیدارە بە نێوەندگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا کە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە لە دۆخی شەڕدان، بەڕێوەچووە.
سانا لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گفتوگۆکان “لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماتییەکانی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە” ئەنجام دراوە.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە لە شەڕەکانی مانگی تەمموز لە نێوان هۆزە سوننە بادییەنشینەکان کە لەلایەن حکومەتی کاتی سوریاوە پشتیوانی دەکران، و کەمایەتی درووزی لە پارێزگای سویدا، زیاتر لە ١٤٠٠ کەس کوژران.
ئیسرائیل حکومەتی کاتی دیمەشقی بە هاوپەیمانی لەگەڵ بادییەنشینەکان تۆمەتبار کرد. لە وەڵامدا و بە پشتیوانی ئاشکرا لە کەمایەتی درووزی، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوەندە حکومییەکانی سوریا و کۆشکی سەرۆکایەتی و سەرقەرگای سوپای بە ئامانج گرت.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، بەرپرسانی سوری و ئیسرائیلی پێشتر دوو جار کۆبوونەتەوە؛ یەکەم جار لە کۆتاییەکانی تەمموز لە باکۆ و جارێکی دیکە لە پاریس. بەڵام ئەمە یەکەم جارە کە میدیای فەرمی سوریا ئەم دیدارە پشتڕاست و بڵاوی دەکاتەوە.
بە گوێرەی هەواڵەکان، ئەم گفتوگۆیانە هەروەها نویکردنەوەی رێککەوتنی ساڵی ١٩٧٤ لەخۆدەگرێت، کە دوای جەنگی یۆم کیپوور، ناوچەیەکی ئارامی لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا دروست کرد.
هێشتا هیچ وەڵامێکی فەرمی لەلایەن ئیسرائیلەوە سەبارەت بەم دیدارە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام میدیا عیبرییەکان رایانگەیاند کە رۆن دەرمەر لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بووە. رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل نووسیویەتی کە ئیسرائیل و سوریا لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە دیدارێکی لەم ئاستەیاندا نەبووە.
لە رووداوێکی دیکەدا و تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش ئەم کۆبوونەوەیە، شێخ موفەق تاریف، سەرۆکی ئایینی کۆمەڵگەی درووزی لە ئیسرائیل، لە پاریس لەگەڵ تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا کۆبووەتەوە.
تاریف لەم دیدارەدا داوای لە واشنتۆن کرد کە بەپەلە بۆ وەستاندنی شەڕەکانی سویدا، دروستکردنی رێڕەوێکی پارێزراو بۆ ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان، و ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون، هەنگاوی خێرا بنێت.
