هێرشی هێزەکانی «حکومەتی کاتی سووریا» بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەڵەب دوو شەهید و زیاتر لە ٦٠ برینداری لێ کەوتەوە


هێرشی بەربڵاوی هێزەکانی سەر بە «حکومەتی کاتی سووریا» بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەڵەب، شەهید بوونی دوو هاووڵاتی سڤیل و زیاتر لە ٦٠ برینداری لێ کەوتەوە. ئەم ئامارە سەرەتاییە لەسەر بنەمای راپۆرتی ئاژانسی ANHA یە کە بە پشتبەستن بە سەرچاوە خۆجێیەکان بڵاوی کردۆتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسی ANHA یان گوتووە کە هێزەکانی حکومەتی کاتی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع (ئەبومحەمەد ئەلجولانی)، شەوی دووشەممە، پاش گەمارۆی توند، لە چەند قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە هێناوە.

رۆژێک پێش ئەمە، یانی ئێوارەی یەکشەممە، ئەم هێزانە لە کاتژمێر ٥ی ئێوارێوە هەموو دەروازەکانی هاتنە زوورەوە و دەرچوونی هەردوو گەڕەکەیان داخستووە و چەند رێگای سەرەکی کە بەرەو ئەم گەڕەکانە دەچوون بە دیواری خۆڵ گرتووە. پاشان، بە درۆن هیرشیان کردووە و هەوڵیان داوە بچنە ناو ئەم گەرەکانەوە. هەندێک راپۆرتیش ئاماژە بەوە دەکەن کە چەکی قورسیان لە دەورووبەری ئەم گەڕەکانە جێگیر کردووە.

لە دژی ئەم جووڵانەوە سەربازییانە، «ئەنجومەنی گشتی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە» داوای لە دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە کرد کە بۆ ناڕەزایەتی دژی گەمارۆدان و داخستنی رێگاکان خۆپیشاندان بکەن. چەند کاتژمێرێک دواتر، سەدان هاووڵاتی لەسەر رێگا سەرەکییەکان کۆبوونەوە و بۆ پشتگیری لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە درووشمیان بەرز کردەوە و داوایان کرد بە زووترین کات گەمارۆکان هەڵبگیرێت.

بە گوتەی سەرچاوە خۆجییەکان، هێزەکانی حکومەتی کاتی دیمەشق بە فیشەکی جەنگی و تەقاندنی گازی فرمێسک‌ڕێژ هێرشیان کردۆتە سەر خۆپیشاندەران. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، دەیان کەس تووشی ژەهراویبوونی هەناسە بوون و بە لانی‌کەمەوە ٢٥ کەسیان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

لە دێژەدا، هێزە چەکدارەکان لە رێگای تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە هەوڵیانداوە لە چوار قۆڵەوە بچنە ناو گەڕەکەکان. هاوکات لەگەڵ تەقەکردن بەرەو هاووڵاتیانی سڤیل، پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی گەڕەکەکان و هێرشبەراندا بە چەکی سووک و نیوەقورس دروست بووە.

لە کاتی ئەم پێکدادانەدا، ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی سەر بە هێزەکانی حکومەتی کاتی چەند هاووڵاتییەکی سڤیلیان بەژێرەوە کردووە کە لە ئەنجامدا دوو کەس شەهید بوون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. پاشان، هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەیان تۆپباران کردووە.

لە کۆتاییەکانی شەودا، لەگەڵ پاشەکشەی هێزەکانی حکومەتی کاتی لە دەوروبەری گەڕەکەکان، تا ئاستێک ئارامی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.

Live
Hide picture