
لە سەروەختی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی سووریا، دووربینی و زانایی و لێهاتوویی و هێزی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگریی لە کارەساتێکی گەورە کرد، جگە لەوەش بەرخۆدانی گەلی کورد لە سەرتاسەری کوردستان و جیهان، جارێکی تر نیشانی دا، کە کورد ئەو پیلانانە قبووڵ ناکات، کە لە دژی کورد و ڕۆژئاوای کوردستان دانراون.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز لە ڕاپۆرتێکدا کۆمەڵێک زانیاریی نەبیستراوی لەوبارەیەوە بڵاو کردۆتەوە. ڕاپۆرتەکە خاڵ بە خاڵ و هەنگاو بە هەنگاوی پیلانگێڕییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆڵە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕییەکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەخاتە ڕوو.
هەرچەندە ڕێککەوتنەکەی قەسەدە و دیمەشق، بەگوێرەی خەون و ئامانجەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی نەبوو، بەڵام دەتواندرێت وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی هەژمار بکرێت، بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و کارەساتی زیاتر، چونکە ڕێگریی لە شەڕ و خوێنڕشتنێکی گەورە کرد، بێگومان هەمووان دەپرسن چۆن قەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا گەشتنە ئەم چارەسەرییە، هەوڵی ئەوەیان دەدا کە بیکەن بە دەستکەوتی خۆیان، بەڵام ئەم چارەسەرییە لە ئەنجامی دیپلۆماسییەتی نێوان دوورگەی ئیمراڵی، ئەنقەرە، ڕۆژئاوا، هەولێر، لەندەن، پاریس و واشنتۆن و بە دەستپێشخەریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدەست هات.
لە سووریا ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا واژۆ کرا، پێش ئەم ڕێککەوتنە، لە ٦ـی کانوونی دووەم، چەتەکانی داعش-جۆلانی و دەوڵەتی تورک هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب، دوای چەند ڕۆژێک لە شەڕ، هێزە ئەمنییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە کشانەوە و حەلەبیش کەوتە دەستی چەتەکان، دوابەدوای ئەمەش هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوا بەردەوام بوون و گەیشتنە دەروازەکانی کۆبانی و حەسەکە و قامیشلۆ.
لە بەرامبەردا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا سەفەربەریی ڕاگەیاند و بەرخۆدانێکی هەمەلایەنەی دەستپێکرد، دواتر دەرکەوت کە ئەم هێرشانە بە ڕەزامەندی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان و پاڵپشتی دەوڵەتی تورک ئەنجام دراون، ئەمەش لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی پاریس بوو، کە لە نێوان سووریا و ئیسرائیل بە سەرپەرشتی ئەمریکا و چاودێری دەوڵەتی تورک و فەڕەنسا لە ٥ـی کانوونی یەکەم ئەنجام درا، ئەمەش بێدەنگییەکی تەواوی سەبارەت بە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.
دوای ئەوەی ئەم پیلانە نێودەوڵەتییە و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی کورد کەوتە بەرچاو، گەلی کورد هەڵوێست و توڕەیی خۆی بە هەموو جیهان نیشاندا، کاردانەوەیەکی گەورە دژی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان سەریهەڵدا، جگە لەوەش مامەڵەی فاشیستانەی تورک و هەتەشە تووڕەیی کوردانی زیاتر کرد، بۆ یەکەمجاربوو کورد بەو یەکڕیزییە مامەڵەی دەکرد و چوار بەشی کوردستان بوون بە یەک دڵ و بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لێی دەدا.
ئەو ڕۆڵەی کە هەوڵدرا بشاردرێتەوە
بێگومان هەموو چاوەکان لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش بوو، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی هەڵسەنگاندنەکانی بۆ ئەم پێشهاتانە بوون، چونکە ڕێبەر ئاپۆ چەندین جار ڕایگەیاندبوو “ڕۆژئاوا هێڵی سووری منە”، جگە لەوەش پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوام بوو، دوایین پێشهاتەکانی سووریا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەم پڕۆسەیە دەبێت.
بەو پێیەی ماوەیەکی زۆر بوو هیچ هەواڵێک لە دوورگەی ئیمراڵییەوە نەهاتبوو، نەدەزاندرا ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بەم دۆخەی دوایی چی دەڵێت، بە کەڵک وەرگرتن لەم دۆخە، هەندێک کەس و گرووپ هێرشی زارەکییان دەکردە سەر ڕێبەر ئاپۆ، لەلایەن دەزگاکانی شەڕی تایبەتەوە بانگەشەی ئەوە دەکرا، کە دۆخی نالەباری ڕۆژئاوا لە ئەنجامی سیاسەتەکانی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەی بووە، بێگومان جەوهەری بابەتەکە دواتر سەرنجی بۆ ڕاکێشرا، کە لە ڕاستیدا ئەوە خودی ڕێبەر ئاپۆ بوو، کە لە سووریا پەرەی بە چارەسەری دابوو.
ترافیکی دیپلۆماسی لە ئیمراڵی
هێرشەکان بۆ سەر حەلەب لە ٦ـی کانوونی دووەم دەستی پێکرد، شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، لە ١٧ـی هەمان مانگ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیداریان ئەنجام دا، لە کاتی دیدارەکەدا هێشتا هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوا بە وردی دەستی پێنەکردبوو، بەڵام بۆ تێگەیشتن لەم پڕۆسەیە پێویستە کەمێک زیاتر بچینە دواوە و ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ لەم پڕۆسەیەدا ڕوون بکەینەوە، هەروەها بە وردی لێکۆڵینەوە بکەین لە دانووستانە دیپلۆماسییە نهێنییەکانی نێوان دوورگەی ئیمراڵی، ئەنقەرە، ڕۆژئاوا، دیمەشق، هەولێر، لەندەن، پاریس و واشنتۆن چۆن ڕوویدا، شایەنی باسە ئەم لێکۆڵینەوەیە کە دەیخەینە بەردەستی ئێوە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ورد و بەرفراوانە لە سەرچاوەکانی تایبەتی زانیارییەوە، لە ڕۆژئاوا، باشووری کوردستان، بەرپرسانی دەم پارتی و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانە.
