
لە کاتێکدا کە هەڕەشەکانی داعش و گرووپە چەتەکان دژی ئێزدییەکانی شنگال زیادی کردووە، سوپای عێراق لە شنگال دەستی کردووە بە چەککردنی ئەو هاوڵاتییە ئێزدییانەی کە چەکیان بۆ خۆپاراستنیان هەڵگرتووە.
دوای گوشارەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عێراق و هەڕەشەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دژی ئێزدییەکانی شنگال، سوپای عێراق سەرەڕای ئەوەی بە زارەکی دژی بوو، دەستی کردووە بە درووست کردنی خاڵی نوێی سەربازی لە شنگال.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، سوپای عێراق دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دانیشتووانی شنگال کە بۆ خۆپاراستنیان هەڵیانگرتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕۆژنیوزی گوتووە کە ئۆپەراسیۆنی کۆکردنەوەی چەکی لە سەرتاسەری شنگال لەلایەن سوپای عێراقەوە لە ئێوارەی دوێنێوە دەستی پێکردووە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، سوپای عێراق دەیەوێت دەست بەسەر چەکی ئەو هاوڵاتییە ئێزدییانەدا بگرێت کە بۆ خۆپاراستن و دژی کۆمەڵكوژییەکی نوێ و هەڕەشەکان چەکیان هەڵگرتووە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی ئێزدییەکان لە سەرجەم گوند و کۆمەڵگەکانی شنگال ئەنجام دەدەن.
پێش کۆمەڵكوژیی ٢٠١٤، هێزەکانی عێراق کە ئەو کات ئەرکی پاراستنی شنگالیان پێ سپێدرابوو، دەستیان بە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی هاوڵاتییان کردبوو، دوابەدوای ئەوەش چەتەکانی داعش هێرشیان بۆسەر ئێزدییەکان دەست پێکرد.
ئیزدەیییەکانی شەنگال دەڵێن ئەو هەوڵەی ئێستای سوپای عێراق سیناریۆی ساڵی ٢٠١٤ـمان بەبیر دەهێنێتەوە.
