
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٣٨ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە ئەو کارەساتە گەورەیە نەیتوانیوە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلی کورد تێکبشکێنێت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨دا ڕژێمی پێشووی بەعسی عێراق بە بەردانەوەی بۆمبی کیمیایی بە سەر شاری هەڵەبجەدا تاوانێکی گەورەی دژەمرۆیی ئەنجامدا، کە لە ئەنجامیدا زیاتر لە ٥٠٠٠ هاوڵاتی کورد لە نێوان ژن و پیاو و منداڵ شەهید بوون و هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵاتداران و ڕژێمە داگیرکەرەکان هەمیشە هەوڵیان داوە نەتەوەی کورد قڕ بکەن و بۆ ئەو مەبەستە لە هیچ جۆرە کۆمەڵکوژی و زۆرەملێیەک خۆیان نەبواردووە. بەڵام هەموو ئەو کارەساتانە نەیانتوانیوە خەباتی کورد بۆ ماف و ناسنامەی خۆی کۆتایی پێبهێنێت، بەڵکوو بوونەتە بەڵگەی ڕەوایی ئەو خەباتە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هەروەها بەبیریان هێناوەتەوە کە پێش کارەساتی هەڵەبجە، هێزەکانی ڕژێمی بەعس ناوچەکانی سەردەشت و هەندێک شوێنی دیکەشی کوردستانیان بە چەکی کیمیایی ئامانج گرتبوو.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا یادی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد بەرز ڕاگیرا و دڵنیایی درا کە خەباتی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ماف و سەرکەوتنی کۆتایی بەردەوام دەبێت.
بەیاننامەکەی هاوپەیمانییەکە بەمشێوەیەیە:
کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
دەسەڵاتداران و ڕژێمەکانی داگیرکەری کوردستان هەمیشە ئامانجیان قڕکردن و قەڵاچۆکردنی نەتەوەی کورد بووە و لەو پێناوەدا لە هیچ جۆرە کۆمەڵکوژی، ڕاگواستنی زۆرەملێ، ئەنفال دەستیان نەپاراستووە. بەڵام هەموو ئەو جینایەتانە کە بۆردوومانی کیمیایی شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان یەک لەوانەیە، نەیتوانیوە ئیرادەی خەبات و خۆڕاگریی کورد تێکبشکێنێت و ئەو تاوان و کارەساتانە ئێستا بەڵگەی ڕەوایی خەباتی ناسنامەخوازیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانن.
٣٨ ساڵ پێش ئێستا و لە ١٦ـی ئاداری ١٩٨٨ـی زاینییدا ڕژێمی پێشووی عێراق بە بەردانەوەی بۆمبی کیمیایی بە سەر شاری هەڵەبجەدا تاوانێکی دژەمرۆیی گەورەی خوڵقاند. لەو کارەساتەدا زیاتر لە ٥٠٠٠ پیاو و ژن و منداڵی کورد تەنیا بە تاوانی کوردبوون شەهید کران و هەزارانی دیکەش بریندار بوون. بۆردوومانی هەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی لەو کات و سەردەمەدا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و کۆمەڵکوژییەکی دەگمەن بوو، بەڵام بەهۆی سات و سەودا سیاسی و بازرگانییەکانی زلهێزەکان جیهان و بێ پشتیوانیی گەلی زوڵملێکراوی کورد پەردەپۆش کرا و ئەوانەی ئەو تاوانە گەورەیان خوڵقاندبوو هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵ نەکرا و لە هیچ دادگایەکی نێودەوڵەتیشدا دادگایی نەکران. بەڵام لەم کارەساتە مێژووییەدا پشکی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش کەم نەبوو.
ڕژێمی پێشووی عێراق پێش بۆردوومانی کیمیایی شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان شارەکانی سەردەشت، شنۆ و زەردەی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی بە بۆمبی کیمیایی بەئامانج گرتبوو. هەر لە کاتی بۆردوومانی کیمیایی شاری هەڵەبجەدا و هەر لەو ڕۆژەدا گوردانی شوان که لهو دەمەدا لە نزیک ئەو ناوچەیە جێگیر ببوون، دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو ژەهرە کیمیاییە و سەرەڕای هەوڵ و تەقالایەکی زۆر بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە لە کاتی پەڕینەوە لە چەمی سیروان دەکەونە کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و تووشی شەڕێکی قورس، دەستەویەخە و نابەرامبەر دەبن کە لە ئاکامدا ٧٢ پێشمەرگەی کۆمەڵە لە سەنگەردا گیانیان بەخت کرد و ژمارەیەکیان بە برینداری و نیوەگیان بەدیل گیران و لە دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر لەسێدارەدران.
هەر ئەو کاتە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ڕژێم و پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات، له ناوچەی شارەزوور لە هەورامان، بەداخەوە کۆمەڵێک پێشمەرگە شەهید بوون. هەمدیسان لە کاتی بۆردوومانەکەی نێو شاری هەڵەبجەشدا دەیان ئەندامی حزبی دیموکرات کە لەو شارە نیشتەجێبوون بەداخەوە شەهید بوون و زۆر ئەندامی دیکەی حزبیش لەو ناوچەیە کە کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی گیران و ژمارەیەک لەوان لە زیندانی دیزلئاوای کرماشان لەسێدارە دران.
لە ٣٨ ساڵەی تاڵیادی بۆردوومانی کیمیایی شاری هەڵەبجەدا یاد و ناوی شەهیدانی ئەو کارەساتە و سەرجەم شەهیدانی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد بەتایبەت ئەو شەهیدە نوێیانەی گەلەکەمان کە لەو ڕۆژانەدا بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون، بەرز ڕادەگرین. هەروەها ڕادەگەیەنین کە خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان هەتا گەیشتن بە سەرکەوتنی یەکجاری بەردەوام دەبێت.”
