
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بە دۆخی هەستیار و چارەنووسساز لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە ٩ی ڕەشەمەوە ڕەوتی ڕووداوەکان بەرەو ئاڵوگۆڕێکی قووڵ دەچن.
لە بەیاننامەکەدا هۆکاری دۆخی ئێستا سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک دەستێوەردان لە ناوچە، پێشخستنی بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمی و سەرکوتی ناوخۆیی ناسراوە، کە بە وتەیان بووە هۆی وێرانبوونی ئابووری و قووڵبوونی قەیرانە سیاسییەکان.
هاوپەیمانییەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە ئەم شەڕە پەیوەندی بە گەلانی ئێرانەوە نییە، بەڵکو دژ بە ڕێژیمێکی دیکتاتۆرییە کە ماف و ئازادییەکان زەوت کردووە. هەروەها بانگەوازیان بۆ خەڵکی کوردستان کردووە کە وشیار بن، هەڵسوکەوتی خۆیان لەگەڵ ڕێنماییە سیاسییەکان هاوتا بکەن و لە کاتی گۆڕانکارییەکاندا دامەزراوە گشتییەکان بپارێزن.
لە هەمان کاتدا داوایان لە هێزە چەکدارەکان کردووە خۆیان لە ڕێژیم جیا بکەنەوە و خەڵکیش لە هەڵەشەیی و تۆڵەسەندنەوە دوور بکەونەوە. بەیاننامەکە هەروەها گرنگی بە هاوکاری و دەسگرۆیی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی پشتگیری لە توێژە لاوازەکان دەدات.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەمشێوەیەیە:
“خەڵکی خەباتکار و مافخوازی کوردستان!
لە ڕۆژی شەمەوە ڕەوتی ڕووداوەکان لە ئێران بەرەو ئاڵوگۆڕێکی قووڵ و بنەڕەتی دەچن. ئەو شەڕەی کە لە ئێستادا هەڵگیرساوە ئاکامی دەیان ساڵ سیاسەتی زێدەخوازیی ڕژێم، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، پاڵپشتیی تێرۆریزمی دەوڵەتی، پێداگری لەسەر دەستخستنی بۆمبی ئەتۆم و پێشخستنی پیشەسازیی مووشەکی، دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی جیهانی و پێملنەبوونی ڕژێم بە ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکانە؛ سیاسەتێک کە دواجار هەم ئێرانی کردە وڵاتێکی وێران بە ئابوورییەکی داڕماو و هەم ڕژێمەکەش بەرەو ڕووخان برد. کوژرانی خامنەیی، ڕێبەری ڕژێم و دەیان فەرماندەی نیزامی و کاربەدەستی سیاسیی ئەم ڕژێمەش دۆمێنۆی ئەو ڕووخانەی خێراتر کردووە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە ئەم شەڕە، شەڕی کۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل و کۆمەڵگەی جیهانی نییە، بگرە ئەوە ڕژێمی دیکتاتۆر و سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامییە کە هەموو خەڵکی وڵاتی بەبارمتە گرتووە، هەموو ماف و ئازادییەکی لێ زەوت کردوون و هەر لە بەفرانباری ئەمساڵدا هەزاران کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیو و مافخوازی ئێرانی کۆمەڵکوژ کرد. لە ئێستاشدا کە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم چارەنووسسازترین ڕۆژەکانی خۆیاندان، ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داوا دەکەین:
١/ خەڵکی کوردستان پێ بە پێی ڕەوتی ڕووداوەکان پێویستە لەسەر هەست بن و هۆشیارانە بەرەوڕووی پێشهاتەکان ببنەوە و هەڵسووکەوتی سیاسیی خۆیان لەگەڵ داوا و ڕاسپاردەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕێکبخەن و ئەم هەماهەنگی و پەیوەندییە زیندوو و بەرهەمدار بکەن.
٢/ لە ڕۆژانی بەچۆکداهاتنی ڕژێم و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکدا پێویستە سەرجەم بنکە و دامودەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییەکان لەپێناو بەرژەوەندی و پێداویستییەکانی گشتیدا بپارێزرێن.
٣/ داوا لە هێزە چەکدارەکان ڕژێم لە کوردستان دەکەین ڕیزی خۆیان لە پاشماوەکانی کۆماری ئیسلامی جیا بکەنەوە. پێیان ڕادەگەیەنین وا باشە ئەم دوا دەرفەتە بۆ پشتتێکردن لە دوژمن و هەڵبژاردنی بەرەی نەتەوەکەیان لەکیس خۆیان نەدەن.
٤/ پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان بە ژیری و پێگەیشتووییەوە بەرەوڕووی گۆڕانکارییەکان بچن و خۆ لە هەڵەشەیی و تۆڵەسەندنەوەی تاکەکەسی کە زیان بە ئەمنییەت و پاراستنی گشتیی کۆمەڵگە دەگەیەنێت بپارێزن.
٥/ داوا دەکەین لە پێناو پارێزراوبوونی زیاتردا چەندی دەتوانن لە بنکە و ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ڕژێم دوور بکەونەوە.
٦/ داوا دەکەین لە ڕۆژانی سەختی بەردەمماندا خەڵکەکەمان بەتایبەت توێژی بازاڕ و دووکاندار و خاوەنماڵەکان زیاتر لە هەر کاتێک ئاگاداری یەکتری بەتایبەت خەڵکی کرێچی، هەژار و بێنەوا بن و بە دەسگرۆیی یەکتر ئەو ڕۆژە سەخت و دژوارانە تێپەڕینین.
٧/ هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکاندا سیاسەت و بەرنامەکانی لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوەکانی دیکی خۆیەوە بڵاو دەکاتەوە.”
