هاوسەرۆکی پەژاک: مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە هەرەسی هێناوە و کورد دەبێت پێشەنگی گۆڕانکاری بێت

ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ میدیای “ئامارگی”، خوێندنەوەیەکی قووڵی بۆ ئاڵۆزییەکانی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

هاوسەرۆکی پەژاک ڕایگەیاند کە قەیرانەکانی ئێستا تەنها دیاردەیەکی کاتی نین، بەڵکو نیشانەی هەرەسهێنانی بنەڕەتیی مۆدێلی “دەوڵەت-نەتەوە”ن کە لە سەدەی بیستەمەوە بەسەر گەلانی ناوچەکەدا سەپێنراوە.

بە وتەی ئەمیر کەریمی، درووشمی «یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا» چیتر وەڵامدەرەوەی ڕاستییە فرەڕەنگەکانی کۆمەڵگە نییە.

ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی ئێستای عێراق، سووریا و تورکیا بەڵگەی ڕوونن لەسەر ئەوەی ئەم سیستەمە ناوەندگەرایە گەیشتووەتە بنبەست. کەریمی ڕەخنەی توندی لە عەقڵیەتی دەسەڵاتی تاران گرت کە شەرعیەتی خۆی بە “ئیلاهی” دەزانێت نەک جەماوەری، هەر بۆیە سەرکوتکردن وەک تاکە ئامرازی مانەوە و توجیهکردنی توندوتیژی بەکاردەهێنێت.

کەریمی جەختی لەوە کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە پارتە کوردییەکان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.

ئەو ئاشکرای کرد کە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی “ناوەندی دیالۆگی پارتەکان” لە ئارادایه، بە ئامانجی دروستکردنی هاوکارییەکی سیاسی کە بتوانێت جێگەی “لۆژیکی هێز” بگرێتەوە.

ئەو وتی: “کەوتنی دیکتاتۆرییەت مەرج نییە ببێتە هۆی دیموکراسی؛ کورد دەبێت پێشەنگی پڕۆژەیەکی دیموکراتیک بێت لە هەموو ئێراندا بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ستەمکاری بگرێت.”

هێڵی سێیەم و مافی بەرگری ڕەوا

لە تێڕوانینی پەژاکدا، چارەسەریی پرسی کورد پێویستییەکی مێژووییە و تەنها لە دۆخێکی دیموکراتیکدا جێبەجێ دەبێت. کەریمی داکۆکی لە مافی “بەرگریی ڕەوا”ی خەڵک کرد لە بەرامبەر توندوتیژی دەوڵەت و جەختی لە ستراتیژی “هێڵی سێیەم” کردەوە؛ سیاسەتێک کە نە پشت بە دیکتاتۆر دەبەستێت و نە چاوەڕوانی گۆڕانکاری لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە دەبێت ، بەڵکو تەنیا جەخت لەسەر خەباتی جەماوەری دەکاتەوە.

لە کۆتاییدا، هاوسەرۆکی پەژاک هۆشداری دا لەوەی کە سەپاندنی سەرکردایەتی لە دەرەوە، وەک پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ “ڕەزا پەهلەوی”، مەترسییەکی جددییە بۆ بازتولیدکردنەوەی دیکتاتۆری و دەبێت هێزە دیموکراتەکان بەرپەرچی ئەم جۆرە هەوڵانە بدەنەوە کە دەیانەوێت ئیرادەی گەلان فەرامۆش بکەن.

Live
Hide picture