
کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لەسەر سووریا، کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، ڕایگەیاند کە ئەو توندوتیژییە بەرفراوان و ڕێکخراوەی لە مانگی ئازاری ڕابردوودا لە ناوچە کەنارییەکانی سووریا ڕوویداوە، دەکرێت وەک “تاوانی جەنگ” لێکۆڵینەوەیان لێبکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەم کۆمیسیۆنە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٤ی ئاب) بڵاوکرایەوە، پێکدادان و توندوتیژییە تۆمارکراوەکانی ئەم ناوچەیە هاوکات بووە لەگەڵ پێشێلکارییە جدییەکانی مافی مرۆڤ و “ناوەڕۆکێکی سیستماتیک و پانتاییەکی بەرفراوان”ی هەبووە.
پائۆلۆ سێرجیۆ پینێرۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە، نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بە “قەبارە و رێژەی توندوتیژییەکان” دەربڕی و وتی: “داوا لە حکوومەتی راگوزەری سووریا دەکەین کە هەموو ئەو کەسانەی ئەم تاوانانەیان ئەنجام داوە، بەبێ گوێدانە پێگە یان وابەستەیی سیاسی، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.” ئەو جەختی کردەوە کە سەرەڕای دەستگیرکردنی دەیان کەسی گومانلێکراو، بەڵام پانتایی پێشێلکارییە تۆمارکراوەکان ئەوە دەخوازێت کە ئەم پرۆسەیە فراوانتر بکرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەموو ئەو لایەنەی لە شەرەکەدا بەشداربوون، لەم تاوانانەوە تێوەگلاون. خەڵکی ناوچە کەنارییەکانی سووریا، کە زۆرینەیان عەلەوین، شایەتحاڵی کردەوەکانی وەک “کوشتن، ئەشکەنجە، پارچەپارچەکردنی تەرمەکان، تاڵانکردنی بەرفراوان، سوتاندنی ماڵەکان و ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنی” بوون.
کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە پشتڕاستی کردۆتەوە کە ژمارەیەک لەم حاڵەتانە لەلایەن هێزە حکوومییەکان، هاووڵاتیانی چەکدار و شەڕکەرانی وەفادار بە حکوومەتی پێشووی سووریا ئەنجام دراون. هەرچەندە لە هەندێک حاڵەتدا هێزە حکوومییەکان هەوڵیانداوە کە ڕێگری لە بەردەوامی ئەم کردارانە بکەن و هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکانی شەڕ دوورکەنەوە.
لین وێڵشمن، ئەندامی کۆمیسیۆنەکە، داوای لابردنی دەستبەجێی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە گوماندەکرێت بەشداری توندوتیژییەکانی مانگی ئازار بوون و وتی کە پێویستە پرۆسەی پشکنینەکان فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی رێگە لە پەیوەستبوونی کەسانی گومانلێکراو بە پێشینەی جیددی پێشێلکاری مافی مرۆڤ، بە هێزە ئەمنییەکانەوە بگیردرێت.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی نیشتمانی لێکۆڵینەوەی سووریا کە لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، ناسنامەی ٢٥٨ کەسی گومانلێکراو بە بەشداریکردن لەم ڕووداوانە دیار و ئاشکرا کراوە. ئەم کۆمیسیۆنە نیشتمانییە چەند ڕۆژێک دوای پێکدادانەکان بە فەرمانی سەرۆکایەتی حکوومەتی کاتی سووریا دامەزرا.
کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها هۆشداری داوە کە هێشتا راپۆرتی لەسەر بەردەوامی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان پێدەگات، لەوانە دزینی ژنان، دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە، نادیارکردنی زۆرەملێ، تاڵانکردن و داگیرکردنی سامان.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە توندوتیژییەکانی ناوچەکە، کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی قووڵتر و ژینگەیەکی ترس و تۆقاندنی بۆ زۆرێک لە هاووڵاتیانی سووریا درووست کردووە.
