
رۆژنامە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئەمڕۆ لە کۆمەڵێک راپۆرتی جیاوازدا هۆکارەکان و ئەنجامەکانی رێککەوتنی نوێی غەزە و کۆبوونەوەی شرم الشێخیان تاوتوێ کردووە. ئەم رێککەوتنە دوای دوو ساڵ شەڕ و وێرانکاری لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری ئەمریکا، قەتەر، میسر و تورکیا بەدەست هاتووە.
رۆژنامەی «ئەلنەهار»ی لوبنان نووسیویەتی کە حکومەتی دەستە راستی ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەکەدا « بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە ستراتیژییەکان، لەوانە کۆچپێکردن و دەرکردنی زۆرەملێ، بە دوای درێژەپێدانی پێکدادانەکاندا بووە»، بەڵام بە هۆی پەرە سەندی گوشاری ناوخۆیی، قەیرانی ئابووری و گۆشەگیری نێودەوڵەتی ناچار بووە رێککەوتنەکە قبووڵ بکات.
بە گوتەی پسپۆڕان، گۆڕان لە سیاسەتی واشنتۆن رۆڵێکی بەرچاوی لەم پڕۆسەیەدا هەبووە. گفتوگۆکان لەسەر بەفەرمی ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین و ئەگەری سزادانی ئیسرائیل، حکومەتی ئەمریکای ناچار کرد کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ وەستاندنی شەڕەکە هەوڵ بدات.
ئەم رۆژنامەیە وەڵامی داوەتەوە: «فشارە هەماهەنگەکانی قەتەر، میسر و تورکیا، سەرکردەکانی حەماسی ناچار کرد کە رێککەوتنەکە قبووڵ بکەن؛ چونکە بەردەوامبوون لە رەتکردنەوەی، بە مانای گۆشەگیری سیاسی و لەدەستدانی پشتیوانی عەرەبی بوو.»
بە بڕوای شارەزایانی بواری سیاسەت، رێککەوتنی ئەم دواییە ئەنجامی گۆڕانی لێکدانەوەکانی هەردوو لا بووە: «ترامپ رێککەوتنێکی سەپاند کە، بەبێ ئەوەی کۆتایی بە گەمارۆ یان داگیرکاری بهێنێت، بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلی پاراستووە و کوشتارەکانی لەسەر ئەم وڵاتە وەستاندووە. لە بەرامبەردا، حەماس سەرەڕای نارەزایەتی، بۆ رێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی ئەوەی قبووڵ کرد.»
راپۆرتەکان هەروەها ئەوە دەردەخەن کە هەوڵی ئیسرائیل بۆ کوشتنی ئەندامانی لیژنەی دانووستانکاری حەماس لە دۆحە، پڕۆسەی گفتوگۆکانی خێراتر کردووە و واشنتۆنی ناچار کردووە کە دەستبەجێ دەستێوەردان بکات. نەتانیاهۆ لە کۆتاییدا پلانی ٢٠ خاڵی ترەمپی قبووڵ کرد کە ئاگربەست، گۆڕینەوەی دیلەکان و پێکهێنانی حکوومەتێکی تەکنۆکرات لە غەزە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا لەخۆدەگرێت.
لە هەمان کاتدا، کۆبوونەوەی شرم الشێخ کە ترەمپ تێیدا باسی «رێککەوتنێکی زۆر گرنگ»ی کرد، هێشتا دەرەنجامەکانی نادیارن. رۆژنامەی «نیویۆرک تایمز» راپۆرتی داوە کە ئیسرائیل و حەماس لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادە نەبوون و خاڵەکانی بەڵگەنامەی واژۆکراو تا ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە.
لەم پەیوەندییەدا، رۆژنامەی «فاینەنشیاڵ تایمز» نووسیویەتی کە نەتانیاهۆ هەوڵ دەدات لە پشتیوانی ترەمپ بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی وێنەی سیاسی خۆی دوای هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر کەڵک وەرگرێت.
سەرەڕای ئەمانە، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە رێککەوتنی غەزە دەتوانێت ببێتە کێشەیەکی سیاسی بۆ نەتانیاهۆ، چونکە هێشتا پرسی چەککردنی حەماس و ئایندەی حکومڕانی لە غەزە چارەسەر نەکراوە.
