ناسر بەکرزادە بۆ سێهەمین جار حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا

لقی دووی دادگای شۆرشی ئورمییە، سزای سێدارەی بە سەر ناسر بەکرزادە زیندانی سیاسی کورد دا سەپاند. ئەوە لەکاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر دوو جاری دیکە سزای سێدارەی بەسەدا سەپێندرابوو بەڵام هەردوو جارەکە سزاکەی لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی بەرزی وڵات، هەڵوەشابۆوە.

سیداد شێرزاد، یەکێک لەپارێزەرانی کەیسی ناسر بەکرزادە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیوێتی: «سزای نوێی بەکرزادە، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕێبەندان بە پارێزەرەکان ڕاگەیەنراوە». بە گوتەی شێرزاد “ئەو کەموکوڕییانەی کە دیوانە بەرزی وڵات لە جارەکانی پێشوودا ئاماژەی پێ کردبوون، لە بڕیارە نوێیەکەدا هێشتا وەک خۆیان ماون”.

ناسر بەکرزادە، هاوڵاتی خەڵکی ورمێ، تۆمەتی (سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیلی) لێ دراوە.

تۆمەتێک کە پێشتر دیوانی بەرزی وڵات بە «نەسەلمێنراو»یان دانابوو و لەسەر ئەو بنەمایەش سزای سێدارەکەیان هەڵوەشاندبووەوە.

ناوبراو یەکەمجار لە گەلاوێژی ١٤٠٢ دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە بارمتە ئازاد کرا، بەڵام لە بەفرانباری هەمان ساڵدا دیسان دەستبەسەر کرایەوە و دوای چەند مانگ مانەوە لە دەست بەسەرگەی سپای پاسداران، گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئورمییە.

ناسر بەکرزادە، پێشتر لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣ حوکمی سێدارەی بۆ دەرچووبوو، کە حوکمەکە وەک ئاماژەی پێ کراوە، لە لایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشێنرابۆوە.

Live
Hide picture