مەيامى هيرالد: ڤەنزوێلا بە دڕۆنی سەربازيى دروستکراوی ئێران، خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەمەريکا سازداوە


رۆژنامەى مەيامى هيرالد لە راپۆرتێکى تایبەتدا نووسيويەتى کە حکوومەتى ڤەنزوێلا لە سێبەری هاوکارييە بەربڵاوەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستی بە يەکێک لە پێشکەوتووترين بەرنامەکانی دروست‌کردنی درۆنی شەڕکەری لە ئەمەريکاى لاتين کردووە و ئێستا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەکانی ئەمريکا تەیار کردووە.

بە گوێرەی ئەم رۆژنامەیە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا شەش کەشتیی شەڕکەری بۆ کەناراوەکانى کاراییب نادووە، بەرپرسانى ڤەنزوێلا رايگەياندووە کە لە دڕۆنە شەڕکەرەکانی خۆيان لە “ئۆپەراسيۆنەکانى بەرگريدا” کەڵک وەردەگرن. ئەم دڕۆنانە لە خاکى ڤەنزوێلا دروست دەکرێن، بەڵام بەشێک لە کۆنترۆڵ و تەکنەلۆژياکەیان هێشتا لە دەست کۆمارى ئيسلاميى ئێراندايە.

لەم راپۆرتەدا هاتووە کە پرۆژەى دڕۆنەکانی ڤەنزوێلا بۆ يەکەمجار لە سەردەمى هوگۆ چاڤێز و لە ساڵانى ٢٠٠٠دا بە هاوکاريى راستەوخۆى تاران دەستی پێکرد. گرێبەستە نهێنييەکان، کە گواستنەوەى تەکنەلۆژيا و راهێنانى ئەندازيارانى ڤەنزوێلای لەخۆدەگرت، بەردی بناغەى بۆ بەرهەمهێنانى دڕۆنەکانی “ئارپيا-٠٠١” دانا. لە ساڵانى دواتردا، ئەم هاوکارييانە بەرهەمهێنانى دڕۆنی خۆکوژی لێکەوتەوە کە لە نموونە ئێرانییەکانەوە وەرگیرابوون.

لە شانۆی سەربازيى ژووییەی (تەمووز) ٢٠٢٢دا، کاراکاس پەردەی لەسەر دوو مۆدێلى پێشکەوتوو لادا: ANSU-100 کە تواناى هەڵگرتنى بۆمبی رێنوێنکراوی ئێرانىی هەیە، کە بە “قائم” دەناسرێت، و ANSU-200 کە توانای خۆ شاردنەوەی هەيە.

بەم شێوەيە ڤەنزوێلا بووە يەکەم وڵاتى ئەمەريکاى لاتين کە دڕۆنی شەڕکەری هەيە.

“فەرزين نەديمى”، توێژەرى پەيمانگاى واشینگتۆن، دەڵێت کە لە ساڵى ٢٠٢٢ەوە دڕۆنەکانی ڤەنزوێلا بە بۆمبی بچووک تەيار کراون و فەرماندەيى باشوورى سوپاى ئەمريکا بە نيگەرانييەوە چاودێرىی ئەم پێشهاتە دەکات.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، واشینگتۆن رايگەياندووە کە ڤەنزوێلا خاکەکەى خۆى خستۆتە بەردەست گرووپى حزبوڵڵای لوبنان، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت، و بەم شێوەیەش ئەم وڵاتەی کردووە بە دەروازەی هاتنەوە ژوورەوەی هاپەیمانانی ئێران بۆ ئەم ناوچەیە.

ئيسرائيليش بە بەردەوامی نيگەرانيى خۆى لە گواستنەوەى تەکنەلۆژياى دڕۆنەکانی ئێران بۆ ڤەنزوێلا دەربڕيوە.

کاراکاس لە بەرامبەردا، جێگيركردنى کەشتييە شەڕکەرەکانی ئەمريکای بە “هەڵوێستێکی دۆژمنکارانە” داناوە و داواى لە نەتەوە يەکگرتووەکان کردووە کە بۆ وەستاندنى ئۆپەراسيۆنەکانى واشینگتۆن دەست‌تێوەردان بکات. هاوکات، وەزيرى بەرگريى ڤەنزوێلا رايگەياندووە کە هەزاران سەربازی بۆ سنوورى کۆلۆمبيا ناردووە و درۆنێکی زۆری بۆ “پاراستنى سەروەریی نيشتمانی” لەو ناوچانە جێگیر کردووە.

Live
Hide picture