
میدیاکانی عەرەبی ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ سەرنج خستنە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسی پەرەسەندی تەنگەژەکانی نێوان ئەتیۆپیا و ئەریتریا و چارەنووسی کۆبوونەوەکەی نێوان ترەمپ و پوتینیان کردووە.
ماڵپەڕەکان باس لەوە دەکەن کە گرژییەکانی نێوان ئەتیۆپیا و ئەریتریا، ئەگەر پێشی پێ نەگیرێ لەوانەیە شەڕیکی ماڵوێرانکەری لێ بکەوێتەوە. هاوکات باسیان لە بێ ئەنجام مانەوەی پێوەندی تەلەفۆنی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و رووسیا کردووە.
مەترسی دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ لە نێوان ئەتیۆپیا و ئەریتریادا
بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی «العرب» کە لە لەندەن بڵاو دەبێتەوە، کۆمەڵیک نیشانەی جێگای نیگەرانی لەسەر پێکدادانی سەربازی نوێ لە نێوان ئەتیۆپیا و ئەریتریادا لە ئارادایە.
قسە و زمانی هەردوولا توندتر بووە و کۆمەڵیک راپۆرتیش باس لە ئامادەکاری سەربازی بەربڵاو دەکەن. شارەزایان دەڵێن کە ئەم رووداوانە لەوانەیە ببنە هۆکاری دووپاتە بوونەوەی شەڕی ماڵوێرانکەری ساڵانی ١٩٩٠. لەو شەرەدا بە دەیان هەزار کەس کوژران و بە دەیان میلیار دۆلاریش خەساری ماڵی لێ کەوتەوە.
شیکەرەوان دەڵێن کە نێوەندگیری ئیمارات لەوانەیە گرژییەکان کەم کاتەوە. ئیمارات لە ساڵی ٢٠١٨دا توانی پیوندییە دیپلۆماتیکەکانی هەردوو لا دوای ٢٠ ساڵ رێکبخاتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی العرب، ئەتیۆپیا ئێستا هەوڵ دەدات رێگای دەریایی جیاواز بۆ خۆی بدۆزێتەوە و لەگەڵ سۆماڵ و جیبووتی سەبارەت بە دەستراگەیشتن بە بەندەرەکانی ئەوان خەریکی دانووستانە. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی پێویستی بە بەندەرەکانی ئەریتریا ئەنجام دەدرێت.
رۆژنامەکە هۆشداری داوە کە دەستپێکردنی هەر جۆرە پێکدادانێکی نوێ، ئەو سەقامگیرییە لاوازەی ناوچەی قۆچی ئەفریقا کە لە شەڕە ناوخۆییەکانی سوودانەوە تا پێکدادانەکانی سۆماڵ زیانی پێگەیشتووە، زیاتر لاواز دەکات.
چارەنووسی نادیاری کۆبوونەوەکەی پووتین و ترەمپ
بە گوێرەی نووسینی رۆژنامەی «الخلیج» کە لە ئیمارات بڵاو دەبێتەوە، هەوڵەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک لە نێوان فلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپ تووشی کێشە بوون.
سەرەڕای پەیوەندی ئەم دواییەی نێوان هەردوو سەرۆککۆمار و هیوای هێنانە دی ئاشتی لە ئۆکرانیا، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دەڵێن گفتوگۆی تەلەفۆنی نێوان وەزیرانی دەرەوە، مارکۆ رۆبیۆ و سێرگەی لاڤرۆڤ، «بێئەنجام و نەرێنی» بووە.
لە ئەنجامدا، واشنتۆن بڕیاری داوە کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخات تا، بە وتەی سەرچاوە ئەمریکییەکان، « باروودۆخ بۆ گفتوگۆیەکی باش دەڕەخسێت».
سەرەڕای ئەمە، الخلیج دەنووسێت کە پەیوەندییە تەکنیکی و ناراستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامن و ئەگەر بەستێن خۆش بێت، لەوانەیە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی رووسیا و ئەمریکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.
