مانگرتنی گشتی لە ٥٢ بەندیخانەی ئێران لە هەشتاوەهەشتەمین هەفتەی کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان»


لە هەشتاوەهەشتەمین هەفتەی کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان »، زیندانییەکان لە ٥٢ بەندیخانەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژی سێشەممە ٨ی رەزبەری ١٤٠٤ دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

ئەم ناڕەزایەتییە لە دژی شەپۆلێکی بەرفراوانی لەسێدارەدان، دەرچوون و پەسەندکردنی سزای سێدارەی نوێ، و کۆچی دوایی سومەیە رەشیدی، زیندانی سیاسی کە لە چاودێری پزیشکی بێبەش کرابوو، ئەنجام دراوە.

سومەیە رەشیدی بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان گیانی لەدەست دا؛ مردنێک کە چالاکانی مافی مرۆڤ بە بەشێکە لە سیاسەتی قڕ کردنی زندانیانی داناوە. کەمپینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» لە راگەیەندراوێکدا، وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی رەشیدی، ئەم رووداوەی بە هۆشدارییەک لەبارەی دۆخی ناجێگیری نەخۆشەکان لە زیندانەکانی ئێران داناوە.

لەگەڵ ئەم مەرگە دڵتەزێنەدا، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی “بەهمەن چووبی‌ئەسڵ” بە تۆمەتی سیخوڕی، دەرچوونی سزای سێدارە بۆ دوو زیندانی سیاسی حامد وەلیدی و نیما شاهی لە دادگای شۆڕشی کەرەج، و پەسەندکردنی سزای سێدارەی پەیمان فەرح‌ئاوەر لە دیوانی باڵای وڵات، نیگەرانییەکانی لە سەر توندبوونی سەرکوتکاری دادوەری زیاد کردووە.

لە هەمان کاتدا، مای ساتۆ، رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارووباری مافی مرۆڤی لە ئێران‌دا، لەسەر پێشێلکارییە فراوانەکانی مافی زیندانییەکان هۆشداری داوە و رایگەیاندووە کە ئامارەکان دەریدەخەن کە تەنیا لە مانگی خەرماناندا ١٩٠ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون. بە گوتەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ٣٥ ساڵی رابردوودا ئەمە بێ وێنە بووە؛ ژمارەی لەسێدارەدان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤ گەیشتووەتە ٨٧١ کەس.

کەمپینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» لە راگەیەندراوەکەیدا ئەم لەسێدارەدانانەی بە «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی» ناوبردووە و داوای وەستاندنی دەستبەجێی ئەم پرۆسەیە کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: «ڕەوتی لەسێدارەدان دەتوانرێت بە یەکگرتوویی و یەکبوون بوەستێنرێت. هەر جووڵەیەکی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر سزای سێدارە، هەنگاوێکە بەرەو وەستاندنی ئەم پرۆسە زاڵمانەیە.»

مانگرتنی ئەم هەفتەیە لە زیندانەکانی ئێوین، قەزڵحەسار، ناوەندی کەرەج، تارانی گەورە، قورچەک، شەیبانی ئەهواز، عادڵ‌ئابادی شیراز، زاهیدان، مەشهەد، تەورێز، ئورمیە، سنه، مەریوان، مەهاباد، بۆکان، بانە، سەقز، کامیاران و دەیان زیندانی دیکە بەڕێوە چووە.

Live
Hide picture