
ئیدارەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (ئێف بی ئای) ڕەزا ئەمیری موقەددەم، باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پاکستانی، بە تۆمەتی بەشداری لە بێسەرووشوێن کردنی ڕۆبەرت «باب» لۆڤینسۆن، کارمەندی پێشووی ئەم دامەزراوەیە، لە لیستی کەسانی داواکراو خستووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئێف بی ئای، ئەمیریموقەددەم، کە بە ناوی خوزراوی ئەحمەد ئەمیرینیا ناسراوە، لە کاتی گومبوونی لۆڤینسۆن لە ساڵی ٢٠٠٧، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران (MOIS) بووە.
ستیڤن جێنسێن، جێگری ئۆفیسی ناوچەیی واشنتۆنی ئێف بی ئای، لەم بارەیەوە وتی: «ئێف بی ئای هەوڵ دەدات کەسانێک کە لەم بێسەرووشوێن کردنەدا بەشدار بوون بدۆزێتەوە و بەرپرسیاریان بکات.»
لەگەڵ ئەمیریموقەددەم، ناوی تەقی دانێشوەر، ئەفسەری وەزارەتی ئیتلاعات، و غوڵامحوسێن محەممەدنیا، باڵوێزی پێشووی ئێران لە ئەڵبانیا، لە ناو لیستی داواکراوانی ئێف بی ئایدا خستوون.
ئێف بی ئای دەڵێت کە هەر سێ کەسەکە لە دزینی لۆڤینسۆن و هەوڵەکانی دواتر بۆ شاردنەوەیدا بەشدار بوون.
ڕۆبەرت لۆڤینسۆن لە ساڵی ٢٠٠٧ لە “دوبەی”ەوە بۆ دوورگەی “کیش”ی ئێران چبوو، بەڵام ڕۆژی دواتر بیسەرەوشوێن بوو. لە ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ وێنەیەک بڵاوکرایەوە کە لۆڤینسۆنی بە دەستبەسەری نیشاندەدا.
بە گوتەی ئێف بی ئای، لۆڤینسۆن، کارمەندی پێشوو و خانەنشینکراوی ئەم دامەزراوەیە، ویدەچێ لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا گیانی لەدەست دابێت.
سەرچاوە ئەمریکییەکان هەروەها دەڵێن کە ئێران هەوڵیداوە بەرپرسیارێتی ئەم بابەتە بخاتە ئەستۆی گروپێکی چەکداری لە بلووچستانی پاکستان.
ئێف بی ئای دەڵێت لە کاتی ڕوودانی ئەم ڕووداوە، کارمەندانی وەزارەتی ئیتلاعات کە لە ئەورووپا جێگیربوون، ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتیان بۆ ئەمیریموقەددەم لە تاران دەنارد.
لە وەڵامی ئەم ڕاپۆرتەدا، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان پشتیوانی خۆی بۆ باڵوێزی ئێران لە ئیسلامئاباد دەربڕیوە و دەڵی کە ئەو مافی پاراستنی دیپلۆماتیکی هەیە.
شەفقەت عەلی خان، گوتەبێژی ئەم وەزارەتە، وتی: «باڵوێزی ئێران کەسێکی ڕێزدارە و ڕۆڵێکی کاریگەری لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تاران و ئیسلامئاباددا هەبووە. لە چاوی پاکستانەوە، ئەو شایانی هەموو مافێکە و لە نێویاندا پارێزراوی دیپلۆماتیکی هەیە».
ئێف بی ئای بۆ دانی هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دۆزینەوەی چارەنووسی لۆڤینسۆن یان گەڕاندنەوەی، تا پێنج ملیۆن دۆلاری خەڵات دیاریکردووە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی بەرنامەی «خەڵات بۆ دادپەروەری»ەوە، تا ٢٠ ملیۆن دۆلاری بۆ زانیارییەکانی پەیوەندیدار بەم دۆسیەوە راگەیاندووە.
