
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ھەڕەشەی کردووە کە وڵاتەکەی لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ھەڕەشەی ئێران، درێغی لە ھێرشکردنەوە ناکات.
ئەسرائیل کاتز، ئەمڕۆ (١٠ی ژووئیە) لە رێوڕەسمی دەرچووانی ھێزی ئاسمانی ئیسرائیلدا وتی: «دەستی درێژی ئیسرائیل دەگاتە تاران، تەورێز و ئەسفەھان و ھەر شوێنێک کە بیەوێت ھەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل بێت و زیانی پێ بگەیەنێت. ھیچ شوێنێک بۆ خۆشاردنەوە نییە.»
ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لە نێوان ھەردوو وڵاتدا و دوای ھێرشی ئاسمانی ١٢ رۆژەی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیراندا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، جارێکی دیکە پەرەی سەندووەتەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، هێرشەکەیان بۆ سەر تاران بە مەبەستی رێگریکردن لە پێشکەوتنی بەرنامەی چەکە ناوکییەکانی ئێران بووە.
تاران بە بەردەوامی حاشای لە سروشتی سەربازی بەرنامە ناوەکییەکەی کردووە و وتوویەتی پیتاندنی یۆرانیوم بۆ ئامانجی ئاشتی بەکار دێنێت.
پێکدادانەکانی مانگی رابردوو کە مەترسی گەورەبوونەوەی بۆ شەڕێکی ھەرێمی بەرفراوانی ھەبوو، بە ئاگربەستێک و بە نێوەندگیری ئەمریکا کۆتایی پێھات.
سەرەڕای ئەوە، وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی ئامادەی گەڕانەوەیە بۆ هێرشە سەربازییەکان: «ئەگەر پێویست بکات، هێرش دەکەینەوە؛ ئەمجارە بە ھێزێکی مەزنترەوە.»
لەم ناوەدا، ھەندێک راپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران دەستی بە نوێژەنکردنەوەی دامەزراوە زیانپێگەیشتووەکانی کردووە و پیتاندنی یورانیۆمی خێرا کردووەتەوە.
میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل، بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ. بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل بە رۆژنامەنووسانی وتوووە: «هەموو جووڵەکان لەژێر چاوەدێریماندان و بە توندی وەڵامی ھەر ھەڕەشەیەک دەدەینەوە.»
بە لەبەرچاوگرتنی ھەڵوێستە توندەکانی تاران و واشنتۆن ، چاوەڕوانی دەستپێکردنی خولێکی نوێی گفتوگۆکان ھێشتا نادیار و ناڕوونە.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی ئاڵۆزییەکان ئەگەری ئەوەی ھەیە پەرە بەم قەیرانە بدات و ھێزگەلی وەکوو رووسیا و چین بکێشێتە ناو ئەم قەیرانەوە؛ ئەو وڵاتانەی کە تا ئێستا تەنھا پشتیوانییەکی زارەکیان لە تاران کردووە.
