لە بەرەبەرەی سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ واشنتۆن؛ کۆشکی سپی دەڵێت دیمەشق لەسەر رێڕەوی ئاشتییە

کۆشکی سپی شەوی سێشەممە ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو میوانداری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی سووریا، لە واشنتۆن دەکات.

کارۆلاین لیویت، وتەبێژی ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی، لە بەیاننامەیەکدا گوتی: «سەرۆک ترەمپ بڕیارە لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە. ئەو کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بڕیارێکی مێژوویی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سووریای دا، بۆ ئەوەی دەرفەتێکی ڕاستەقینە بەم وڵاتە بۆ ئاشتی بدات.»

لیویت لە درێژەدا گوتی کە واشنتۆن باوەڕی وایە «لە ژێر سەرکردایەتی نوێی دیمەشق‌دا، پێشکەوتنێکی بەرچاو لە بواری ئاشتیدا بەدەست هاتووە.»

ئەحمەد شەرع یەکەمین سەرۆکی سووریا دەبێت کە دوای دەیان ساڵ تەنگەژە لە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و واشنتۆندا، بە شێوەیەکی فەرمی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات.

هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکا نێودەوڵەتییەکان دژی دیمەشق

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم سەردانە، شاندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە پێشنووسی بڕیارنامەیەکی لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشدا بڵاوکردەوە کە داوای لابردنی ناوی ئەحمەد شەرع و وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاتی سووریا، ئەنس خەتاب، لە لیستی سزاکانی پەیوەندیدار بە تیرۆریزمدا دەکات.

بەپێی ئەم پلانە کە کۆپییەکی بەدەست ماڵپەڕی «ئەلمانیتۆر» گەیشتووە، ئەنجومەنی ئاسایش «دەرهێنانی ناوی ئەحمەد شەرع و وەزیری ناوخۆ ئەنس حەسەن خەتاب لە لیستی سزاکان» تاوتوێ دەکات و پێشوازی لە «پابەندی حکومەتی سووریا بە شەڕی دژی تیرۆریزم، لەوانەش ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی بیانی» دەکات.

بە وتەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، واشنتن هەوڵدەدات دەنگدان لەسەر ئەم پڕۆژەیە لەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی پێش سەفەری ئەحمەد شەرع بۆ ئەمریکا، ناوی ئەو لە لیستی سزاکان لاببرێت. بەڵام، چین وەک یەکێک لە ئەندامانی خاوەن مافی ڤیتۆ دژی ئەم کارەیە و نیگەرانی خۆی لە ئامادەبوونی چەکدارانی ئویغووری ئەندامی «حیزبی ئیسلامی تورکستان» لە ڕیزەکانی «سپای نیشتیمانی سووریا»دا دەربڕیوە.

«حیزبی ئیسلامی تورکستان» گرووپێکی جیھادیی بان نەتەوەییە کە ئامانجی خۆی دروستکردنی «دەوڵەتی ئیسلامی» لە ناوچەی سینکیانگ و ئاسیا ناوەڕاست ڕاگەیاندووە.

لەم چوارچێوەیەدا، واشنتن لە مانگی تەممووزی ڕابردوو ناوی «هیئەتی تەحریر الشام»ی لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی خۆی لابردبووە و بەریتانیاش مانگی ڕابردوو هەنگاوێکی هاوشێوەی ناوە.

بەم شێوەیە، کۆبوونەوەی داهاتووی ئەحمەد شەرع لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ نەک تەنیا نیشانەیەکە لە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر دیمەشق، بەڵکوو دەتوانرێت وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان دوو وڵات دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد سەیر بکرێت.

Live
Hide picture