لەو دیوی گەرمووکۆڕی و یەکگرتوویی؛ کەلێنی ستراتیژیکی واشینگتۆن و تەلئەبیب لەسەر تاران

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بە “سەرکەوتن” ناو بردووە، دیپلۆماتکارەکان ئاشکرایان کردووە کە کەلێنێکی قووڵ لە نێوان دوو هاوپەیمانی کۆن سەبارەت بە داهاتووی ئێران هەیە.

دیپلۆماتکارەکان بە رۆیتەرزیان گوتووە کە لەو دیوی رووداوەکانەوە، واشینگتۆن و تەلئەبیب سەبارەت بە ستراتیژی درێژخایەنیان لەسەر ئێران ناکۆکن. بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو هێرشانەی کە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە بە “هێرشێکی سەرکەوتوو” ناوبراون، تەنیا بەشێک لە توانای ئەتۆمی ئێرانیان لاواز کردووە. راپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی هێشتا بەشێک لە یۆرانیۆمی خۆی پاراستووە و توانای بنیادنانەوەی خێرای ژێرخانە ناوەکییەکانی هەیە.

ترەمپ دیپلۆماسی بە رێگەی سەرەکیی رێگریکردن لە ئێران بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی دەزانێت و خەریکە بیر لە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاراندا دەکاتەوە. بە پێچەوانەوە، نەتانیاهۆ رای لەسەر زەخت و تەنانەت گۆڕینی رژیمە؛ ستراتیژییەک کە بە بڕوای ئەو، تەنیا رێگای راستەقینە بۆ وەستاندنی پرۆگرامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێرانە.

لە هەمان کاتدا، دەست پێکردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران لە نەرویژ، بەرپرسانی ئیسرائیلی تووڕە کردووە. سەرچاوە نزیکەکان لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە دەڵێن کە ناتانیاهۆ نیگەرانە کە ئەم گفتوگۆیانە هیچ دەسکەوتێکیان جگە لە کەمکردنەوەی گوشاری ئابووری و سیاسی لەسەر ئێران نەبێت.

نەتانیاهۆ دەیەوێت ئێران هاوشیوەی مۆدێلی چەک کردنی لیبیا، بە تەواوی پرۆگرامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی واز لێ بێنێت و تەنانەت پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانەش بوەستێنێت.

بە پێچەوانەوە، ترەمپ ئەم قەیرانە بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی واشنتن و تاران دەزانێت و تەنانەت ئەگەری لابردنی هەندێک لە سزاکانییشی باس کردووە. سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن کە هەندێک بەرپرسی ئێرانی ئامادەیی خۆیان بۆ وەبەرهێنانی ئەمریکا لە ئابووری ئێراندا دەربڕیوە.

سەرەڕای ئەمە، دەسەڵاتدارانی ئێرانی لە نێوان دوو هەڵبژاردنی دژواردا گیریان خواردووە: بەردەوامبوونی پرۆگرامی ئەتۆمی و رووبەڕووبوونەوەی هێرشە نوێیەکان، یان پاشەکشەکردن و مەترسی و نارەزایەتییە ناوخۆییەکان.

ئەم دوو رێیانە ئاڵۆزە، ئەگەری شکست و وەستاندنی گفتوگۆکانانیان زیاد کردووە.

ئەگەر رێگەی دیپلۆماسی بە ئەنجام نەگات، ئەگەری ئەوەی هەیە کە ئیسرائیل دیسان هەڵبژاردەی شەڕ بۆ کۆنترۆڵکردنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران بەکار بهێنێت. بە گوتەی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەم سیناریۆیە پێش ئەوەی ئێران بتوانێت خۆی رێکبخاتەوە، دەکرێت جێبەجێ بکرێت.

Live
Hide picture