لاپید: فرۆشتنی فڕۆکە‌ شەڕکەرەکانی “یورۆفایتەر” بە تورکیا، هاوسەنگیی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل تێکدەدات


یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکە شەڕکەرە پێشکەوتووەکان بە تورکیا و دەرەنجامە سەربازییەکانی هۆشداریدا و بە توندی رەخنەی لە حکوومەتی نەتانیاهۆ گرت. ئەو گوتی: «ئەگەر حکوومەتی ئیسرائیل، حکوومەتێکی ئاسایی بوایە یان وەزارەتی دەرەوەیەکی چالاکی هەبوایە، دەبوو پێشی بە گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی یورۆفایتەر تایفوون لەلایەن ئەڵمانیا و بەریتانیاوە بە تورکیای بگرتایە.»

لاپید ئاماژەی بە توانا سەربازییە روولەگەشەکانی ئەنقەرە کرد و وتی: «تورکیا گەورەترین و بەهێزترین هێزی دەریایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و ئێستا هەوڵ دەدات هاوسەنگی ئاسمانی لەگەڵ ئیسرائیلیش تێکبدات. ئەم پێشهاتە مەترسییەکی راستەقینەیە.»

گرێبەستێک کە خەریکە واژۆبکرێت
رۆژنامەی “وال ستریت ژۆرناڵ” دوێنێ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان وتی کە تورکیا لەوانەیە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا گرێبەستی کڕینی لانیکەم ٤٠ فڕۆکەی شەڕکەری یورۆفایتەر تایفوون راگەیەنێت.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بەریتانیا و ئیسپانیا رەزامەندی خۆیان لەسەر ئەم فرۆشتنە راگەیاندووە و ئێستاش هەوڵ دەدەن ئەڵمانیاش رازی بکەن. یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، جەختی کردۆتەوە کە دانووستانەکان لەگەڵ بەرلین لەسەر ئەم بابەتە هێشتا بەردەوامن.

پلانێک بۆ نوێژەنکردنەوەی هێزی ئاسمانی تورکیا
هەوڵی کڕینی یورۆفایتەرەکان بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی تورکیا بۆ ئەوەی فڕۆکە کۆنەکانی خۆی نوێبکاتەوە. فڕۆکەکانی یورۆفایتەر تایفوون لە نەوەی ٤.٥ بە هەژمار دێن و لەچاو نەوەکانی پێشووتر، توانای شەڕکردن و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتریان هەیە.

ئەم فڕۆکانە بەرهەمی کۆنسۆرسیومێکی ئەورووپین کە بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و ئیسپانیا لەخۆ دەگرێت؛ هەر وڵاتێک مافی ڤیتۆی لە هەناردەکردنی ئەم فڕۆکانەدا هەیە. کۆمپانیاکانی «ئێرباس»، «بی ئێی ئێی سیستەمز» و «لیۆناردۆ» کۆنتراکتەرە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی یورۆفایتەرن.
خاوەندارێتی و مێژووی درووستکردن
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە وێبسایتی فەرمی یورۆفایتەر، بەریتانیا ٣٣٪، ئەڵمانیا ٣٣٪، ئیتالیا ٢١٪ و ئیسپانیا ١٣٪ لە خاوەندارێتی ئەم فرۆکانەدا پشکیان هەیە.

سەرەڕای ئەوەی کە وتراوە ئەم فڕۆکانە بە تەواوی ئەورووپین، بەڵام لە دروستکردنی هەندێک پارچەیدا تەکنەلۆژیای ئەمریکی بەکارهاتووە.

شایەنی باسە کە یورۆفایتەر و فڕۆکەی شەڕکەری فەرەنسی «رافال» سەرەتا بە شێوەیەکی هاوبەش دیزاین دەکران، بەڵام فەرەنسا دواتر رێگای خۆی جیا کردەوە و “رافال” ئێستا لە بازاری جیهانیدا ویستێکی بەرچاوی بۆ کڕین هەیە.

Live
Hide picture