لاوان محەمەدی، بێژەری تەلەفزیۆنی ئاریەن لە لێواری دیپۆرتکردنەوەدایە لە سوید؛ «گەڕانەوە بۆ ئێران واتە سێدارە»

لەکاتێکدا سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران توندتر بووەتەوە، لاوان محەمەدی، هاوکاری ڕۆژنامەنووسمان و بێژەری کەناڵی ئاسمانی ئاریەن، لەگەڵ بڕیاری دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێران ڕووبەڕوو بووەتەوە؛ بڕیارێک کە بە گوتەی خۆی و ناوەندە پیشەییەکانی ڕۆژنامەنووسان، دەبێتە هۆی مەترسییەکی جیدی لەسەر ژیانی.

لاوان محەمەدی، ڕۆژنامەنووسی کورد و بێژەری هەواڵ لە تەلەفزیۆنی ئارین، بڕیارە لە مانگی یەک (ژانوویە)دا بۆ ئێران دیپۆرت بکرێتەوە. ئەم بڕیارە تەنها چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە دەرکەوت پێشکەشکارێکی تری هەمان کەناڵیش ڕووبەڕووی بڕیارێکی هاوشێوە بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری ژوورناڵیستێن (Journalisten)، کە بڵاوکراوەی تایبەتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سویدە، لاوان محەمەدی لە ساڵی ۲۰۱۹وە لە سوید دەژی و لە ساڵی ۲۰۲۱دا توانیویەتی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتی وەربگرێت.

ئەو لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا وەک بێژەر و ڕۆژنامەنووسێکی بەرپرسیار، هەواڵەکانی پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکان، لەسێدارەدانەکان، زیندانیانی سیاسی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانی بە زمانی فارسی بۆ ملیۆنان بینەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووماڵ کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، فەرمانگەی کۆچی سوید لە بڕیارەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لاوان محەمەدی «نەیتوانیوە بیسەلمێنێت کە لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ئێران، بەهۆی بیروڕای سیاسیی ڕاستەقینە یان نیسبەتپێدراو، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ڕاوەدوونان دەبێتەوە.»

Live
Hide picture