فێستیڤاڵی یادکردنەوەی ناگیهان ئاکارسەل لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت


فێستیڤاڵێکی دوو ڕۆژە بۆ یادەوەری شەهید ناگیهان ئاکارسەل، لێکۆڵەر، چالاکوانی جوڵانەوەی ژنان و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بواری ژنۆلۆژی (زانستی ژنان)، ڕۆژی هەینی لە شاری ڕۆما پایتەختی ئیتاڵیا دەستی پێکرد.

ئەم فێستیڤاڵە بە دەستپێشخەری لێژنەی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی بەرزراگرتنی میراتی فیکری و خەباتی ئاکارسەلە؛ ژنێک کە بە وتەی بەڕێوەبەران، لە بواری لێکۆڵینەوە و بەرخۆدانی ژناندا «مەیدانێکی نوێ» کردەوە.

ناگیهان ئاکارسەل ڕۆژی ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لە هەرێمی باشووی کوردستان، لەلایەن دەزگای ئیستیخباراتی تورکیا (میت)ەوە تیرۆر کرا.

لە ڕۆژی یەکەمی ئەم فێستیڤاڵەدا کە لە ناوەندی کلتووری کورد ئارارات بەڕێوە دەچێت، کتێبی ئاکارسەل بە ناونیشانی “بۆنی خۆڵ” کە بۆ زمانی ئیتاڵی وەرگێڕدراوە، پێشکەش کرا. هەروەها کۆمەڵێک گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانە خوێندرانەوە.

لە فێستیڤاڵەکەدا، ژنان و چالاکوانانی ئینتەرناسیۆنالیست لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشدران و باسیان لە کاریگەریی بیرۆکەکانی ئاکارسەل لە جوڵانەوەی جیهانیی ژناندا کرد.

بەپێی بەرنامەی ڕاگەیەندراو، ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکەش بە جێبەجێکردنی بەرنامە کلتوورییە جۆراوجۆرەکان بەردەوام دەبێت. لەم ڕۆژەدا، کۆمەڵێک گۆرانی بە زمانەکانی کورمانجی، گۆرانی، دەملیکی (زازایی)، ئیتاڵی و ئیسپانی دەوترێنەوە و شانۆیەکی میوزیکاڵ سەبارەت بە ژیانی ناگیهان ئاکارسەل پێشکەش دەکرێت.

 

Live
Hide picture