عەبدوڵڵا ئۆجالان: «مافی هیوا، هەنگاوێکە کە دەبێت دەوڵەت بینێت»


نووسینگەی یاسایی سەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵی دیدارێکی رۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ لەگەڵ رێبەری گەلی کورد، عەبدوڵڵا ئۆجالان، و زیندانیانی دیکەی دوورگەی ئیمرالی بڵاوکردەوە. لەم دیدارەدا، دۆخی یاسایی و باروودۆخی زیندانیی رێبەر ئۆجالان تاوتوێ کراوە. رێبەر ئاپۆ جەختی لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی «مافی هیوا» وەک هەنگاوێکی یاسایی و سیاسی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کردۆتەوە.

لە بەشێک لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: «لە رێکەوتی ١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، ئێمە وەک پارێزەرانی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان و زیندانیەکانی دیکەی ئیمرالی، لەگەڵیان دیدارمان کرد. لەم دیدارەدا سەبارەت بە باروودۆخی موەکیلەکان و دۆخی یاسایی ئەوان گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا ئەنجام درا و زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ کران. لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە ئامادەین هەڵسەنگاندن و بۆچوونەکانی بەڕێز ئۆجالان سەبارەت بە هێنانەدی ئاشتی بە رای گشتی رابگەیەنین.»

بە گوتەی پارێزەران، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆ لەم دیدارەدا، پرسی جێبەجێکردنی بڕیاری «مافی هیوا»ی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا بووە. کۆمسیۆنی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی دوایی خۆی لە رۆژانی ١٥ تا ١٧ی سێپتەمبەر، جارێکی دیکە داوای لە دەوڵەتی تورکیا کردووە کە ئەم مافە بە شێوەیەکی یاسایی و کرداری بەپێی مادەکانی بڕیاری دادگا جێبەجێ بکات.

رێبەر ئاپۆ لەم بارەیەوە گوتوویە: «مافی هیوا، هەنگاوێکە کە دەبێت دەوڵەت بینێت. دەبێت ئەمجارە هەنگاو هەڵگرێتەوە. ئەمە پرسێکە کە کاریگەری لەسەر هەزاران کەس هەیە. بە هەر شێوەیەک لێکبدرێتەوە، دەبێت ئەمە جێبەجێ بکرێت. لە رووی یاساییەوە دەبێت ئەم کارە بکرێت. سیاسەت و دادپەروەری هەردووکیان ئەمە دەخوازن.»

رێبەری گەلی کورد جەختی کردۆتەوە کە جێبەجێکردنی «مافی هیوا» تەنیا پێویستییەکی یاسایی نییە، بەڵکو بۆ پێشبردنی دادپەروەری و ئاشتی لە کۆمەڵگادا پێویستییەکی سیاسییە.

بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک

رێبەر ئاپۆ لە درێژەدا، لە چوارچێوەی بانگەوازەکەی خۆی لەژێر ناوی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک»، جەختی لەسەر مافی دەربڕینی ئازادانەی باوەڕەکان، ئایینەکان و ناسنامە نەتەوەییەکان کردۆتەوە. ئەو گوتوویە: «هەرکەس دەبێت بتوانێت باوەڕ و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بە ئازادی دەرببڕێت و لە چوارچێوەی یاسادا بە ئازادی بژیت. سەبارەت بە کوردەکانیش، ئەمە دەبێت بە شێوەیەکی یەکگرتوو و لە چوارچێوەی یاسایەکی ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیکدا جێبەجێ بکرێت. ئاشتیی راستەقینە ئەمەیە.»

ئەو ئاماژەی بەوە کردووە کە مافەکانی کوردەکان تا ئێستا پشتگوێ خراون و لە دەرەوەی یاسا ماونەتەوە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە «مافەکانی ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک» لە تورکیا رێک بخرێت.

ژیان تەنها بە ئازادییەوە مانادارە

رێبەر ئۆجالان هەڵسەنگاندی بۆ مانای ئازادی و ژیان کردووە و گوتوویە: «ژیان کاتێک مانادارە کە ئازاد بێت. پێشتریش گوتبووم: ئەی ژیان، یان بە ئازادی دەتژیم، یان، بێ ئازادی، هەرگیز بە ژیانت نازانم. ئەمە درووشمی ژیانی منە، ئەمە ئاوات و ئارمانجی منە.»

یەکسانیی جێندەری و گرنگیی ئازادیی ژن

رێبەری گەلی کورد جارێکی دیکە جەختی لەسەر شیکارییە ناسراوەکەی خۆی سەبارەت بە نایەکسانی جێندەری وەک ریشەی زۆرێک لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کردۆتەوە و گوتوویە: «چارەسەرکردنی ئەم نایەکسانییە تەنیا بە ژیان لەسەر بنەمای ئازادی ژن و بیرۆکەی سۆسیالیستی دەکرێت.»
ئەو لە درێژەی قسەکانی‌دا ئاماژەی بەوە کردووە کە بە وردی چاوەدێری پرۆسەی «ژنۆلۆژی» (زانستی ژن) دەکات و زۆر بەنرخی دەزانێت. ئەو سڵاوی تایبەتی خۆی بۆ هەموو ژنان و زیندانی‌یەکان ناردووە.

بانگەواز بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاشتی

رێبەر ئاپۆ لە کۆتاییدا، بانگەوازی لە هەموو ئەوانە کە دەیانەوێ بیروباوەڕەکان و رێگەکەی ئەو باشتر تێبگەن، کردووە کە پەرە بە پرۆسەی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» بدەن و رۆڵی تێدا بگێڕن. ئەو جەختی کردۆتەوە: «کارکردن بۆ هێنانەدی ئازادی، لە رووی بەرەوپێشبردن و جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی‌یەوە، زۆر گرنگە.»

Live
Hide picture