ڕێبەر ئۆجالان بە بۆنەی٢٥ی نۆڤەمبەرەوە: «ئازادیی ژنان مەرجی هەموو گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتییە»

 رێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر، رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا جەختی کردەوە کە: «هیچ گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی بەبێ ئازادیی ژنان ناتوانێت ببێتە شۆڕشێکی راستەقینە».

ڕێبەر ئۆجالان لەم پەیامەدا، توندوتیژی و هەڵاواردن لە دژی ژنان وەک بەردەوامی «هێرشێکی مێژوویی» وەسف دەکات کە بە وتەی ئەو، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پێکهێنانی شارستانییەتەوە دەستی پێ کردووە و لە چوارچێوەی سیستەمە چینایەتییەکان، دەوڵەتمەدار و پەیوەندییە پیاوسالاریییەکان دا دامەزراوە.

شیکاریی مێژوویی ئۆجالان بۆ توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر

ڕێبەر ئۆجالان لە پەیامەکەیدا، دەڵێت کە ریشەی توندوتیژی لە دژی ژنان لە بە کۆیلەکردنی ژنانەوە سەری هەڵداوە و بە وێرانکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو دەستی پێ کردووە.

دەشڵێت شارستانییەکان لە سومەرەوە هەتا ئەمڕۆ، بە دروستکردنی پێکهاتەی پیاوسالار، ژنانيان کردووە بە «ماددەی خاوێ سەرمایەداری»؛ پێکهاتەیەک کە تیایدا لەش، کەسایەتی و تەنانەت هزر و مێشکی ژن دەستی بەسەردا دەگیرێت.

رەخنە لە سەرمایەداری و قووڵبوونەوەی کۆیلایەتیی ژنان

ڕێبەر ئۆجالان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە سەرمایەداریی هاوچەرخ «کۆیلایەتیی ژنی قووڵتر» کردۆتەوە و ژنی کردووە بە «ئامرازی بازاڕ».

هەروەها، زۆرێک لە هێماکانی دەورووبەری ژنان، لە زێڕ و زیوەوە هەتا هەندێک لایەنی کەلتووری، بۆ «نیشانە مێژووییەکانی کۆیلایەتی» دەگەرێنێتەوە کە پێویستە دووبارە بخوێندرێنەوە و رەخنەیان لێ بگیرێت.

ڕێبەر ئۆجالان لە پەیامەکەیدا بە ئاشکرایی دەڵێت ئازادیی کۆمەڵایەتی بەبێ ئازادیی ژنان نابێت و هەر جووڵانەوەیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی کە ئەم بابەتە نەخاتە چەقی کارەکەی، «نابێتە شۆڕشی راستەقینە».

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاویش دەڵێت بەشێکی زۆری چالاکییە فکری و تیۆرییەکانی ئەو تەرخان کراوە بۆ «شیکردنەوەی دەسەڵاتی پیاوانە» و پێناسەکردنی «کۆمەڵناسیی ئازادی».

جەختکردنەوە لە پێشەنگایەتیی ژنان

ڕێبەر ئۆجالان لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت ئازادی رێگایەکی سەختە، بەڵام ژنان دەبێت بە بوێری پێشەنگی بکەن: «بۆ دەرهێنانی خەنجەری دەسەڵاتی پیاوانە کە لە پشتی مرۆڤایەتی چەقیوە و بۆ دروستکردنی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک، ژن دەبێت پێشەنگایەتی بکات.»

دەقی تەواوی پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

“کۆمەڵگە بونیادێکی چینایەتیی تاکڕەهەند نییە، بەڵکوو گۆڕەپانێکی ململانێی فرەڕەهەندی مێژوویی و ڕەگەزییە. یەکەمین و گەورەترین کێشەی مرۆڤایەتی بریتییە لەو دژە-شۆڕشەی کە بەکۆیلەکردنی ژن دەستی پێ کرد و هێرشی کردە سەر ئەو کۆمەڵگەیەی لەدەوری ژن دامەزراوە. توندوتیژیی نێو خێزان و کوشتنی ژنان و فشاری باوکسالایی لەئێستەدا، هەر هەمووی نیشانە و درێژکراوەی هەمان هێرشی مێژووییە. ئەو بونیادە کاستیکەی هێرشی کردە سەر بەکۆمەڵگەبوون و کۆمۆناڵیتەی دەوری ژن، دواتر لە میزۆپۆتامیا گۆڕا بۆ ئەنجوومەنی خوداوەندەکان و ڕاهیبە سۆمەرییەکان، ئینجا گۆڕا بۆ فیرعەون و پاشاکان. بەم شێوەیە، فشاری باوکسالاریی لەسەر کۆمەڵگە بەردەوامبوو.

لەم سەردەمەش، ژن بەنرخترین ماددەی خاوی سەرمایەدارییە. جەستە و کەسایەتیی ژن دەخرێتە نێو مامەڵە و بازاڕەوە. بگرە ڕۆحی ژنیش لەلایەن پیاوانەوە داگیرکراوە. ژن بەو خەنجەری کۆیلایەتییەوە دەژی کە لەلایەن زیهنیەتی پیاوسالارییەوە لە پشتی چەقێنراوە. هیرارشییەتی کۆمەڵایەتیی پیاوسالار کە لەماوەی شەڕی هەزاران ساڵەی شارستانییەتدا ئافرێندراوە، هەر توندوتیژیی و شەڕی بەدوای خۆیدا هێنا. شارستانییەتی پیاو، لەڕێی دەوڵەتەوە، زمان و بەرهەمهێنان و جەستەی ژنی زەوتکرد، دواتریش کۆمەڵگەی لێ سەندەوە. تا ئەم ڕاستییە نەبینرێت، هیچ هەنگاوێک بەرەو ئازادیی نانرێت.

ئەو ڕەوشە کێشەدارەی وا سیستەمی پیاوسالار لەنێو ژندا چاندوویەتی، پێویستی بە تێگەیشتن و چارەسەرە. وەختێ مرۆڤ دەڕوانێتە کوشتنی ژنان و توندوتیژیی نێو خێزان و توندوتیژیی بەرانبەر ژنان و چەوسانەوەی جیاکارانە، دەزانێت ئاستی کۆیلایەتی زۆر لە پێشبینییەکان زیاترە. ژن بەتەواوەتی دەستی بەسەردا گیراوە. ڕاستینەی ژن ئاوەژۆکراوەتەوە. پاوانەی پێ و ئەڵقەی لووت کە لای ژنان بۆ جوانی بەکاردێ، نیشانەی کۆیلایەتیی لەمێژینەیە. لەنێو مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا، کۆیلایەتیی ژن قووڵتربووەتەوە، سیستەم ژنی گۆڕیوە بۆ کەرەستەی بازرگانی و ڕازاندنەوە. بۆ ڕزگاربوون و ئازادبوون لەم کۆیلایەتییە سیستەماتیکە، قاڵبوونەوە و ڕێکخستن پێویستە.

هەر جووڵانەوەیەکی ئازادیی کۆمەڵایەتی، گەر ئازادیی ژن نەکاتە چەقی خۆی، نابێتە شۆڕشێکی ڕاستەقینە. پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو بە مەترسیدار دەبینم. ئێمە ئازادیی ژنمان کردە بنەما و بەم شێوەیە پەیوەندیمان هەڵسەنگاند. بەشی هەر گەورەی کاری ئێمە، کاری ژنە. پیاوسالاری کە ڕێگرە لە ئازادیی ژن و سەرچاوەی بەکۆیلەکردنی ژنە، لای ئێمەوە شیکاریی و هەڵسەنگاندنی بەرفراوانی بۆ کرا. ئێمە سۆسیۆلۆژیای ئازادییمان داهێنا. ڕاستە، ژنبوون زەحمەتە، بەڵام دەبێت ژنان بەبوێرییەوە ئەم کارە بکەن. پێویستە ژنان پێشەنگ بن، بۆ دەرهێنانی خەنجەری پیاوسالاری لە پشتی مرۆڤایەتی و بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک.

عەبدوڵا ئۆجالان”.

Live
Hide picture