
شێخ حیکمەت ھەجری، رێبەری ئایینی دروزییەکانی سوریا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووس پێداگریی کرد و رایگەیاند کە لایەنگرانی دروزی دەبێ مافی ئەوەیان هەبێ بە کەڕامەتەوە بژین. ئەو هەروەها دوای کرد بە بێ مەرج و دەستبەجێ هەموو رفێندراوەکان ئازاد بکرێن. لە بەشێکی دیکەدا ئەو گوتی کە گوندەکان و ئەو زەویانەی کە داگیر کراون دەبێت بۆ ساحێبەکانیان بگەڕێندرێنەوە.
ھەجری، رۆژی پێنچشەممە ١٣ی خەرمانان، لە راگەیەندراوەکەیدا، وێڕای رێزدانان بۆ بنەماڵەی قوربانیان، هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ برێندارەکان خواست و داوای لێکردن لە ئاست ئەم رووداوانەدا سەبوور بن. ئەو رایگەیاند کە دۆسیەی رفێندراوەکان پێش ئەوەی کە پرسێکی سیاسی بێت، پرسێکی مرۆییە و گوتی کە “ماف نە بە تێپەڕینی کات لەناو دەچێت و نە بە سات و سەوداش کۆتایی پێدێت.”
ئەو بە ئاماژەدان بە باروودۆخی دژواری ناوچە دروزییەکان، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەتایبەتی رێکخراوە نیونەتەوەییەکان و دامەزاروەکانی مافی مرۆڤ، کرد کە پێش هاتنی وەرزی سەرما بۆ ئاوەدان کردنەوە و پشتگیری لە خەڵکی سڤیل، یارمەتیدەر بن.
ھەجری هەروەها لەسەر توانایی کۆمەڵگەی دروزی بۆ بە بەڕێوەبردنی ناوچەکانی خۆیان پێداگری کرد وتی ئەوان دەتوانن ئاسایش و عەداڵەت دابین بکەن و گەشەی ئابووری بێننە دی. ئەو هەروەها باسی لەوە کرد کە گرووپە دروزییە خۆجێیەکان خەریکی کۆکردنە و بەڵگەمەند کردنی بەشێکی بەرچاوی ئەو پێشێلکارییانەن کە دژ بە کۆمەڵگەی دروزی روویان داوە. ئەو دوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بۆ ئازادی رفێندراوەکان و لێپێچینەوە لە بەرپرسانی ئەو جینایەتەی هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی راگوزەری سوریا و هۆزە بادیەنشینەکان کردیان، گوشار بێنن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەو سپاسی ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپی، کۆمەڵگای کوردی و عەلەوی کرد و داوای کرد کە ئەو پشتیوانیانە هەروا بەردەوام بن و رێگایەکی مرۆیی نیونەتەوەیی بۆ شکاندی گەمارۆی سەر سویدا بکرێتەوە.
رێبەری ئایینی دروزییەکان لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پێداگری لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووس وەکوو مافێکی پیرۆز، کە لە هەموو بەڵگە نیودەوڵەتییەکاندا دانی پیدا نراوە، کردەوە و رایگەیاند کە کۆمەڵگەی دروزی دێژە بە خەباتی خۆی بۆ داهاتوویەک دەدات کە لەودا گەلی دروزی پارێزراو بن و ژیانێکی عادڵانە و بە کەڕامەتیان هەبێت.
