سەردانی کۆمیسیۆن بۆ ئیمڕاڵی و ئەو بابەتانەی لەوانەیە ئۆجالان تیشکیان بخاتە سەر

کۆمیسیۆنی دیموکراستی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی کە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ چارەسەری پرسی کورد دامەزراوە، دوێنێ هەینی ٢١ نۆڤەمبەر لە ١٨ـیەمین کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا کە سەردانی ئیمڕاڵی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری گەلی کورد، کۆبێتەوە.

بڕیار وایە شاندەکە ڕۆژی سێشەمە یان چوارشەمەی هەفتەی داهاتوو سەردانی ئیمڕالی بکات و لەسەر کۆمەڵێک تەوەری گرێدراوی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک لەگەڵ ئۆجالان کۆبێتەوە، هەرچەند تاکوو ئیستا پەیامی رێبەری گەلی کورد بۆ شاندەکە بە تەواوی دیار نییە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، پارتە سیاسییەکان ئەمڕۆ ئەندامانی شاندەکەیان بۆ سەردانەکەی ئیمرالی ڕادەگەیەنن. دەم پارتی گولستان کلچ کۆچیگیت وەک ئەندامی شاندەکەی دەستنیشان کردووە و فەتی یڵدزیش لە ئەندامە پشتڕاستکراوەکانی مەهەپەدایە، هەروەها ئاکەپە حسێن یایمانی هەڵبژاردووە. چاوەڕوان دەکرێت محەمەد ئەمین ئەکمەن بەشداری شاندەکە بکات بەو مەرجەی هاوپەیمانی یەنی یۆل بڕیاری بەشداریکردنی ئەندامێک بدات.

بە گوێرەی زانیارییەکان کۆنووسی سەردانەکە و ئەو بابەتانەی کە رێبەری گەلی کورد باسیان دەکات، وەک هەموو دیدارە گرینگەکانی دیکە، بە نهێنی دەمێنێتەوە.

سەرچاوەکانی نزیک لەو سەردانە باس لەوە دەکەن کە بڕیارە ڕێبەر ئاپۆ لەسەر چەند تەوەرێک وتارێک پێشکەش بکات و بە کردەوە پرۆسەکە بۆ قۆناغی دووهەمی بگوازێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت یەکێک لەو بابەتانەی ئۆجالان سەرنجی بخات سەر ئەو هەلوومەرج و بەستێنە مێژووییانە بێت کە نکۆلێکردنی گەلی کورد و خەباتی چەکداری پەکەکەی لێ کەوتەوە.

لە یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، چاوەڕوان دەکرێت ڕێبەر ئاپۆ باس لە هەوڵەکانی ئاشتی لە ساڵانی نەوەدەکان و هۆکارەکانی شکات هێنانی بکات. لەژێر ئەم سەردێڕەدا تاوتوێی هەوڵەکانی پەکەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دەکرێت. هاوکات باسی یەکەم ئاگربەستی تاکلایەنە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٠ـی ئاداری ١٩٩٣ ڕایگەیاند و کوشتنی سەرۆک‌کۆمار تورگوت ئۆزال دوو ڕۆژ دوای ئەوەی پەکەکە لە ١٥ـی نیسانی ١٩٩٣ئاگربەستی بۆ دوو مانگی دیکە درێژکردەوە، دەکرێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا چاوەڕوان دەکرێت ئۆجەلان باس لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ـی شووبات و گەڕان بەدوای چارەسەریدا، بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە، و “پرۆسەی چارەسەر”ـی ساڵی ٢٠١٣بکات. بەشێکی دیکەی ئەم قسانە بەتایبەتی باس لەوە دەکات کە بۆچی ئەزموونەکانی ڕابردووی پرۆسەی ئاشتی شکستیان هێناوە و یەک لە دوای یەک سیستەمی کودەتا پەرەی پێدراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ڕێبەر ئاپۆ دوای خستنەبەرچاوی پاشخانێکی مێژوویی، باس لەو پرۆسەیە دەکات کە لە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەستیپێکردووە و ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک پێویستییەکی حەتمییە. وەک لە هەموو پەیامەکانی پێشوودا باسی لێکردووە، ڕێبەر ئاپۆ جەخت لەسەر پێکهێنان و پەرەپێدانی “هاوپەیمانی کورد-تورک” دەکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رێبەر ئاپۆ وێدەچی تیشک بخاتە سەر ئەو زمانەی کە بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و بەرەوپێش بردنی پرۆسەی ئاشتی پێویستە.

چاوەڕوان دەکرێت بەشی کۆتایی قسەکانی رێبەر ئاپۆ پرۆسەی یاسادانان لە خۆ بگرێت. ئەم بەشە تیشک دەخاتە سەر ئەو بەستێنە یاساییانەی کە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی پیویستن، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی کە هەلوومەرجی یەکسان، ئازاد و دیموکراتیک بۆ گەلی کورد دەرەخسێنن. بڕیارە ئۆجالان راسپاردەکانی خۆی لەسەر ئەو بابەتانە بە کۆمیسیۆن بدات.

بەپێی زانیارییەکان، ئەندامانی کۆمیسیۆن دوای گوێگرتن لە وتەکانی ڕێبەر ئاپۆ، بەرەو دانیشتنی پرسیار و وەڵام دەڕۆن. دوای تەواوکردنی سەرجەم دانیشتنەکان، پێشنیار و بۆچوونەکانی کۆمیسیۆن بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی تا ئێوارەی هەینی ٢٨ـی ئەم مانگە بە سەرۆکی پەرلەمان دەدرێت.

Live
Hide picture