
ئەشکان فەهیم (ناسراو بە چنار)، نووسەر، چالاکی ئەدەبی و زیندانی سیاسی کورد، سێیەمین ساڵی لەدایکبوونی لە بەندیخانەی مەهاباد و لە باروودۆخێکی سەختدا تێپەڕ کردووە.
بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، ئەشکان فەهیم سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشییەکانی دڵ، کەمحوکمی چاو، سەرئێشەی درێژخایەن و کێشەکانی پێست، هێشتا لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی گونجاو بێبەشە. بەرپرسانی دادوەری و ئەمنی تا ئێستا نەیانهێشتووە بۆ ناوەندەکانی چارەسەری دەرەوەی زیندان بگوازرێتەوە و مۆڵەتی چارەسەری پزیشکیان پێ نەداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر بە میدیاکان وتووە: «ئەو بەرچاوی تاریک ئەبێت، چاوەکانی بەردەوام دێشێن و کێشەی دڵی هەیە. بەشی تەندروستی زیندانی مەهاباد کەمترین پێداویستی چارەسەری هەیە و دەزگا ئەمنییەکان ڕێگری لە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ناوەندەکانی چارەسەری دەرەوەی زیندان دەکەن. هەروەها داواکارییە بەردەوامەکانی ئەو بۆ ئازادی مەرجدار، بەبێ پێشکەشکردنی هۆکاری یاسایی ڕەتکراوەتەوە.»
بە وتەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەشکان فەهیم لە بەرەبەیانی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی مەهاباد، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ماڵەکەی، دەستگیر کرا. هێزە ئەمنییەکان بە تێکشاندنی دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەکە بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەریان کرد.
ئەو دوای دەستبەسەرکردن، گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرخانەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپا لە قەڵای ئەلمەهدی ئورمیە و بۆ ماوەی یەک مانگ لە ژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونیدا بووە. پاشان لە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ بۆ زیندانی مەهاباد گوازرایەوە.
ئەشکان فەهیم لە سەرماوەزی ١٤٠٢ لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی قازی دووستی، بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و تەبانی دژ بە ئاسایشی وڵات» لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، سزای سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری تەفرێش لە پارێزگای مەرکەزی پێدرا.
بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، لانی زۆری سزاکە کە دوو ساڵ و یەک مانگ زیندانە، لەسەر ئەو جێبەجێ دەکرێت.
