سێزدەهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ڕۆژئاڤا؛ لێدوانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا


ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەبۆنەی ١٣ـیەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ـی تەمووزەوە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەم شێوەیەیە:

“ئەم شۆڕشە لە ساتەوەختێکی مێژووییدا دەستیپێکرد. لەبەرئەوەی وڵات لەنێو سەردەمێکی زۆرداریی تونددا بوو، بە ئیرادەی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد و نیشانەکانی پڕۆژەیەکی دیموکراتیک، فرەلایەن و نا ناوەندی لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل دەرکەوت.

گرنگیی شۆڕشی ١٩ـی تەمووز تەنها بە ناوچەکەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو لەوە زیاتر بووەتە نموونەیەکی پێشەنگ، کە دەتوانێت بۆ چارەسەرکردنی تەواوی ئاڵۆزییەکانی سووریا پێکبهێنرێت. گەلەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لە یەکگرتن و یەکێتییدا سەرکەوت، قووربانی گەورەی بەخشی و لەسەرووی هەموویانەوە بە هەزاران شەهید کە گیانی خۆیان بۆ پاراستنی خاک و گەلەکەیان فیداکرد و شکۆی مرۆڤایەتییان لەبەرانبەر تیرۆریزم و زۆرداریی پاراست.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک کە وەکوو بەرهەمی ئەم شۆڕشە دەرکەوت، یەکێکە لە دەستکەوتە بەرچاوەکان.

وەکوو ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دڵنیایی لەسەر پابەندی خۆمان بە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ١٩ـی تەمووزەوە نوێدەکەینەوە و پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و پێشخستنی پڕۆژەی دیموکراتیک، بانگەوازی بۆ خەباتی هاوبەش دەکەین، تاوەکوو بەشداری لە دامەزراندنی سووریایەکی نوێ لەسەر بنەمای نا ناوەندیبوون و دیموکراسی بکەین.”

Live
Hide picture