ساڵح موسلیم: ئامانجی هێرش بۆ سەر سوەیدا سڕینەوەی کۆمەڵگەی مێژوویی درووزییە؛ تورکیا و جیهادییەکان لە پشت رووداوەکەوەن

ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی “مدیا هابر”، هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریای بە «هەوڵێک بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگەیەکی مێژوویی» وەسف کرد و تورکیای بە پشتگیری گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان تۆمەتبار کرد.

ئەو ئاماژەی بە دەنگۆخستنەوەی میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا سەبارەت بە کوشتنی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، کرد و وتی: «ئەم جۆرە هەواڵانە بۆ بەلارێدابردنی رای گشتی لە رووداوەکانی سوەیدا بڵاو دەکرێنەوە، لەبەر ئەوەی پرسیارگەلی زۆر سەبارەت بە رۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە گۆڕانکارییەکانی ئەوێدا هاتوونەتە ئاراوە.»

موسلیم جەختی لە مێژووی کۆنی کۆمەڵگەی درووز کرد و وتی: «درووزەکان خەڵکێکن کە ئایینێکی کۆنی جیاواز لە ئیسلامیان هەیە. بەهۆی نیشتەجێ بوون لە ناوچە شاخاوییەکان، وەک ئیزەدی و عەلەوییەکان، تا ئاستێک لە داگیرکارییەکانی ئیسلامی پارێزراون. مێژوو دەری دەخات کە لە سەردەمی هەر خەلافەتێکی ئیسلامیدا، ئەوان وەک ئیزەدییەکان رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە.»

ئەو ئاماژەی بە پەرتەوازەیی جوگرافیایی درووزەکان لە سووریا، لوبنان، فەلەستین و ئیسرائیل کرد و ئەم کۆمەڵگەیەی لە رووی دابەشبوونی سیاسییەوە بە کوردەکان وێکچواند و وتی: «زۆرێک لە درووزەکان ناچار بوون کۆچ بکەن و ئەمڕۆش رووبەڕووی هەڕەشەیەکی نوێ بوونەتەوە.»

ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە ١٢٠٠ کەس لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەی سوەیدادا کوژراون و وتی: «تورکیا هەوڵ دەدات شوێنی ئێران لە سووریا پڕ بکاتەوە و لە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپە سەلەفییەکان، رۆڵێکی چالاک لەم هێرشانەدا دەگێڕێت. جیهادییە نێودەوڵەتییەکان کە پێشتر لە هێرشەکانی سەر رۆژئاوادا بەشدار بوون ، ئێستا بەرەو سوەیدا نێردراون.»

ئەو سەبارەت بە لاوازی ئاگربەستەکە هۆشداری دا و جەختی کردەوە کە جیهادییەکان بە جلووبەرگی سڤیلەوە هێشتا هەوڵی دزەکردنە ناو ناوچەکە دەدەن. ئەو وتی: «ئەو کارتی ناسنامانە کە لە گیرفانی کوژراوەکاندا دۆزراونەتەوە، پیشان دەدەن کە ئەوان هێزی سەربازی لە جلی مەدەنیدا بوون. ئەمە پیلانێکی پلانداڕێژراوە.»

موسلیم هەروەها ئاماژەی بە وەڵامی سەربازی ئیسرائیل کرد و وتی: «ئیسرائیل لە فراوانبوونی نفووزی تورکیا لە سووریا نیگەرانە. پێشتر بنکەکانی تورکیای لە حەما و حومس کردبووە ئامانج. داکشانی گرووپەکانی سەر بە تورکیا بەرەو سنوورەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوان هێڵی سوورە.»

Live
Hide picture