
زێنب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد و کۆنترین زیندانی سیاسی ژن لە ئێران، لە نامەیەکدا لە زیندانی ناوەندی یەزدەوە باسی لە دوو دەیە زیندان، ئەشکەنجە، بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکی و فشارە دەروونییەکان کردووە و جەختی کردۆتەوە کە سەرەڕای هەموو ئازارەکان، هێشتا هەر رێبواری رێگای ئازادییە. ئەو لەم نامەیەدا داوای کردوە کە جیهان پاڵپشتی زیندانیانی سیاسی بکات.
جەلالیان ئاماژەی بە نەخۆشییەکانی پێست، هەوکردن و کێشە دەروونییەکان کردووە کە لە ئەنجامی باروودۆخی زیندانەوە سەریان هەڵداوە، و نووسیویەتی کە سەرەڕای پێشنیاری پزیشکان بۆ چارەسەری خێرا و نەشتەرگەری، بەرپرسان رەتیان کردووەتەوە کە باروودۆخی تەندرووستی ئەو چارەسەر بکەن و بە پشتبەستن بە بۆچوونی پزیشکی یاسایی، رایانگەیاندووە کە “ئەو (زێنب) توانا و تاقەتی زیندان کێشانی هەیە.”
ئەو هەڵاواردنی دژ بە ژنانی زیندانی، جیاکردنەوە لە بنەماڵە و گوشارەکان لەسەر کەسوکاری دەستگیرکراوەکان بە بەشێک لە ئەشکەنجە سیستەماتیکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران داناوە. جەلالیان جەختی کردۆتەوە کە سەرەڕای هەموو ئازارەکان، هەست بە ویژدانێکی ئارام دەکات، چونکە «لە بەرەی راستی مێژوودا وەستاوە» و بە وتەی چێگۆڤارا: «ئەوان ویستیان بمانێژن، بەڵام نەیانزانی کە ئێمە تۆو بووین و چەکەرەمان کرد.»
ئەم زیندانییە سیاسییە لە کۆتایی نامەکەیدا بە ئازادیخوازانی جیهان وتووە: «بێدەنگی لەبەرامبەر ستم و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، مۆری پەسەندکردنی ئەم رژیمە تاوانکارەیە. ئێمە دەبێت بە یەک دەنگ بڵێین: نا بۆ لەسێدارەدان، نا بۆ دەستبەسەرکردن، نا بۆ هەڵاواردنی رەگەزی، نەتەوەیی، ئایینی و باوەڕ.»
