زلینسکی: گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئۆکرانیا لە ماوەی ١٠ رۆژدا دیاری دەکرێن؛ ناتۆ: ئەندامێتی کی‌یێڤ لە بەرنامەدا نییە

دوابەدوای ئەو کۆبوونەو گرینگەی لە واشنتن لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وڵۆدیمیر زلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، و سەرکردە ئەورووپییەکان بەرێوە چوو، زلینسکی رایگەیاند کە چوارچێوەی گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ کی‌یێڤ لە ماوەی ١٠ رۆژدا کۆتایی پێدێت.

لە لایەکی دیکەوە، سکرتێری گشتی ناتۆ، مارک رووتە، جەختی کردەوە کە ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ لە ئێستادا لە بەرنامەدا نییە، بەڵام “جۆرێک گەرەنتی ئەمنی لە چەشنی ماددەی ٥ی ناتۆ” لە بەرچاو دەگیرێت.

زلینسکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: «گەرەنتییە ئەمنییەکان بە ئەگەری زۆر لەلایەن هاوبەشەکانمانەوە پێشکەش دەکرێن و وردەکارییەکان لە ماوەی هەفتەیەک تا ١٠ رۆژدا بە فەرمی لەسەر کاغەز دەنووسرێن.»

ئەو کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بە “باشترین کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ سەرۆکێکی ئەمریکا” دانا و وتی: «گرنگە کە ئەمریکا ئاماژەیەکی روون بنێرێت کە ئەو بەشێک لەو وڵاتانە دەبێت کە بەشداری لە گەرەنتیکردنی ئەمنی ئۆکرانیادا دەکەن. ئەمە هەنگاوێکی گەورە بەرەو پێشەوەیە.»

ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆشکی سپی جەختی کردەوە کە ئەمریکا لە هەر رێککەوتنێکی ئاشتی کە لەگەڵ رووسیا بکرێت، پابەند دەبێت بە بەرپرسیارێتی لە گەرەنتیکردنی ئەمنی ئۆکرانیا، ئەگەرچی وردەکارییەکانی ئەم پابەندبوونە هێشتا روون نین.

لە بەرامبەردا، مارک رووتە، سکرتێری گشتی ناتۆ، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی «فۆکس نیوز» وتی کە گفتوگۆکان سەبارەت بە «جۆرێک گەرەنتی ئەمنی هاوشێوەی ماددەی ٥ی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا» بەردەوامن. ئەو روونیکردەوە کە «ئەندامێتی کی‌یێڤ لە ناتۆ و لە ئێستادا لەسەر مێز نییە، بەڵام ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر میکانیزمێک کاردەکەن کە لە کاتی هەر هێرشێکی دیکەی رووسیادا، وەڵامێکی بەکۆمەڵی پێ بدرێتەوە.»

رووتە ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پرۆسە کرد و وتی: «پێویستە دڵنیابین کە پوتین جارێکی دیکە بیر لە هێرشکردنەوە بۆ سەر ئۆکرانیا نەکاتەوە. بەڵام لە کۆبوونەوەی دووشەممەدا هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بە ناردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا نەکرا.»

سەرکردەکانی ئەمریکا، ئۆکرانیا و ئەورووپا لەم کۆبوونەوەیەدا لە واشنتن گفتوگۆیان لەسەر چوارچێوەیەکی ئەمنی و سیاسی بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ رووسیا کرد؛ چوارچێوەیەک کە بتوانێت رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەرەنتیکردنی سەقامگیری ئۆکرانیا خۆش بکات.

Live
Hide picture