رۆیتەرز: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر پێوەندی ترەمپ و نەتانیاهۆی تووشی کێشە کردووە


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە بابەتێکی شیکاریدا کە رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتەمبەر) بڵاوی کردەوە، نووسیویەتی کە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە، پەیوەندییەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆی تووشی کێشە کردووە.

بە گوتەی رۆیتەرز، ئەم هێرشە کە بە فەرمانی راستەوخۆی نەتانیاهۆ ئەنجام درا، قتەری تووڕە کرد وسەرکۆنەی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێنا. ترەمپیش لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی «تروس سۆشیاڵ» بەرامبەر بەم ئۆپەراسیۆنە نارەزایەتی دەربڕی و جەختی کردەوە: «ئەم هەنگاوە نە بە قازانجی ئەمریکا و نە بە قازانجی ئیسرائیل بوو. بەو حاڵەشەوە، لەناوبردنی حەماس کە سات و سەودا بە ئازاری خەڵکی غەزە دەکات، ئامانجێکی زۆر گرنگە.»

ئەم هێرشە رۆژی سێشەممەی رابردوو و هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی شاندێکی حەماس لە دۆحە ئەنجام درا؛ کۆبوونەوەیەک کە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی پلانی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە غەزە. ئەگەرچی سەرکردەکانی حەماس لەم هێرشە قوتاریان بوو، بەڵام پێنج ئەندامی ئەم گرووپە، لەنێویاندا کوڕی خەلیل ئەلحەیە، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی حەماس و بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەی، کوژران.

بە گوێرەی بابەتە شیکارییەکەی رۆیتەرز، سەرەڕای نارەزایەتی سەرۆکی ئەمریکا، چاوەڕوان ناکرێت پەیوەندییەکانی ترامپ لەگەڵ نەتانیاهۆ گۆڕانکارییەکی بنچینەیی بەسەردا بێت، چونکە هەردوو لا ئامانجی ستراتیژیکی هاوبەشەیان هەیە، لەوانە لاوازکردنی حەماس و بەرەنگاری نفووزی ئێران لە ناوچەکەدا. ئارۆن دەیڤد میلەر، دانووستانکاری پێشووی ئەمریکی، وتی: «ترەمپ لە تاکتیکەکانی نەتانیاهۆ تووڕەیە، بەڵام لەگەڵیدا کۆکدەنگە کە ناکرێت حەماس بێکاریگەر بکرێت و هەر بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی بنچینەیی لاواز بکرێت.»

رۆیتەرز ئەوەش دەڵێت کە ئیسرائیل پێش هێرشەکە، واشینتۆنی ئاگادار کردبووەوە، بەڵام سەرچاوە ئەمریکییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم ئاگادارکردنەوەیە بە مانای هەماهەنگی فەرمی یان رەزامەندی ئەمریکا نەبووە.

هەندێک لە پسپۆڕان هۆشدارییان داوە کە بەردەوامی کارە «لەناکاوەکانی ئیسرائیل» دەتوانێت واشنتن ناچار بکات کە سەرلەنوێ بە ستراتیژی شەڕی خۆێدا بچێتەوە.

دێنس راس، دانووستانکاری پێشووی ئەمریکی بۆ کارووباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: «سەرکردە عەرەبەکانی نزیک لە ترەمپ رەخنەیان لە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل هەیە. ئەگەر ئەوان بتوانن پلانێکی باش بۆ داهاتووی غەزە بەبێ حەماس پێشکەش بکەن، ترەمپ لەوانەیە بە نەتانیاهۆ بڵێت: بەسە.»

رۆیتەرز هەروەها دەڵێت کە ئەم هێرشەی ئیسرائیل دەتوانێت هەوڵەکانی ترەمپ بۆ بەرفراوانکردنی رێککەوتنی ئیبراهیم بۆ وڵاتانی نوێی کەنداو، تووشی کۆسپی جددی بکات.

بە گوێرەی نووسینی ئەم ئاژانسە، ترەمپ لەسەر داوای محەمەد بن سەلمان، شازادەی سعوودیە، سزاکانی سەر «حکوومەتی کاتی سووریە»ی هەڵوەشاندەوە و ئەم هەنگاوەش نیگەرانی بەرپرسانی ئیسرائیلی لێکەوتۆتەوە، چونکە ئەوان سەبارەت بە نیەتەکانی سەرۆک کۆماری سووریە، ئەحمەد ئەلشەرع، کە پەیوەندیەکی چڕی لەگەڵ گرووپە توندڕەوەکانی وەکوو قاعیدە هەبووە، بەگومانن.

 

Live
Hide picture