
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی سێپتەمبەر راگەیاند کە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە زۆربەی بەرەکانی شەڕەوە پێشڕەویان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئۆکراینی هەر چەشنە پێشرەوییەکی هێزەکانی رووسیایان رەتکردۆتەوە.
والێری گراسیمۆف، سەرۆکی ستافی گشتی هێزە چەکدارەکانی رووسیا، وتی کە سوپای رووسیا لە ناوچەکانی دۆنێتسک، زاپۆریژیا، و دەنیپرۆپێترۆفسک دەستی بەسەر کۆمەڵێک شوێندا گرتووە و «خەریکە لە هەموو ئاڕاستەکانەوە پێشدەچێت». ئەو وتیشی: « ئێستا پێکدادانی توند لە دەوروبەری شاری بوکروفسک لە پارێزگای دۆنێتسک بەردەوامە؛ سوپای ئۆکرانیا هەوڵدەدات رێگە لە پێشڕەوەی ئێمە بگرێت، بەڵام گورزی قورسیان لێکەوتووە.»
بە وتەی گراسیمۆف، ئۆکرانیا هێزە کارامە و راهێنراوەکانی خۆی بۆ بەرەی رۆژهەڵات گواستۆتەوە ، کە ئەمەش «پیشڕەوییەکانی رووسیای لە بەرە و ئاڕاستەکانی دیکە» ئاسانتر کردۆتەوە. ئەو هەروەها رایگەیاند لە ئاڕاستەکانی کوپیانسک لە پارێزگای خارکیف و یامپیڵ لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دا پێشرەوی هەبووە.
لە بەرامبەردا، وڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی «سکای نیوز» جەختی کردەوە کە رووسیا «هیچ پێشڕەوییەکی چاوەروانکراوی» لە بەرەکانی پێشەوە نەکردووە.
فەرماندە سەربازییەکانی ئۆکرانیاش رایانگەیاندووە کە هەوڵی هێزەکانی رووسیا بۆ پێشڕەوی لە نزیک بوکروفسک سەرکەوتوو نەبووە، و گوتەبێژێکی یەکەیەکی نیشتەجێ لە کوپیانسک دەڵێت لە کاتی تێکشکاندنی هێرشێکی رووسیادا، ژمارەیەک لە سەربازەکانی ئەو وڵاتەیان بەدیل گرتووە.
شەڕ لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا هێشتا بەردەوامە و ئەم قسە پیکناکۆکانەی هەردوولا، وێنەیەکی روونمان لە باروودۆخی مەیدانی شەڕ بۆ ناکێشێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، هیشتا وێناچێ بەم زووانە ئاگربەست راگەیەندرێ و کۆتایی بە شەڕ بهێندرێ.
