راپۆرتی نهێنیی ئاژانس: سەردانی بنکەی ئەتۆمی ئەسفەهان هاوکات لەگەڵ هێرشی ئیسرائیل هەڵوەشایەوە

بە گوێرەی یۆرۆنیوز، راپۆرتێکی نهێنی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەری دەخات کە پشکێنەرانی ئاژانس بەتەما بوون رۆژی ١٣ی حوزەیران، هاوکات لەگەڵ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەردانی بنکەی ناوەکی ئەسفەهان بکەن، بەڵام پلانەکە بە هۆی هێرشەکەوە هەڵوەشاوەتەوە. هەندێک لە راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆگای ئۆرانیۆمی بەرزە پیتێندراوی ئێران لەم شوێنە هەڵگیراوە.

ئەم راپۆرتە کە رۆژی چوار‌شەممە بە وڵاتانی ئەندام دراوە، وەدەست رۆژنامەنووسانی هەواڵنێرییەکانی رۆیتەرز و ئەسۆشیەتید پرێس کەتووە و ئەوانیش هەندێک بەشیان بڵاو کردۆتەوە. لارێنس نۆرمان، رۆژنامەنووسی واڵ ستریت جۆرناڵ، لە رێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە لەسەر ئەم بابەتە زانیاری زیاتری بڵاو کردۆتەوە.

 

راگرتنی چاوەدێری دوای هێرشەکان
بەپێی راپۆرتەکە، دوای ھێرشی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئاژانس بە رەزامەندی تاران و بە ھۆکاری پاراستنی سڵامەتی پشکێنەران، ھەموو چالاکییەکانی چاودێری و پشتراستکردنەوەی لە ئێران راگرت.

 

ھەڵوەشاندنەوەی ناسێن‌نامەی پشکێنەران
راپۆرتەکە ھەروەھا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران لە مانگی ئابدا ناسێن‌نامەی دوو پشکێنەری شارەزای ئاژانسەکەی ھەڵوەشاندۆتەوە و رێگەی نەداوە بچنە ناو ئێرانەوە. ھۆکاری ئەم ھەنگاوە، گواستنەوەی بەھەڵەی بەڵگە ناوخۆییەکان لە ناوەندی “فوردۆ”وە بۆ ڤیەنا بووە. بەڵام، ئاژانس ئەم ھەنگاوەی ئێرانی بە بێبنەما داناوە و دەڵێت کە بە نهێنی مانەوەی بەڵگەکان پێشێل نەکراوە.

بەردەوامی سنووردارییەکان و نیگەرانییەکانی ئاژانس
لە کاتی ھێرشەکانەوە، بەرپرسانی ئێرانی رێگەیان بە پشکێنەران نەداوە بچنە ناو دامەزراوە خەسار دیتووەکانەوە. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیایی وتوویەتی کە لە نێوان ئێران و ئاژانسدا «کەلێنێکی قووڵی بێ‌متمانەیی» ھەیە و تاران نیگەرانە کە زانیارییە نهێنیەکانی بەرنامە ناوەکی لە رێگای ئاژانسەوە بۆ ئیسرائیل بگوازرێتەوە.

قەتیس مانەوەی لێکۆڵینەوەی شەش ساڵە
بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئاژانس، لێکۆڵینەوەی شەش ساڵەی ئەم ناوەندە سەبارەت بە مادە ئەتۆمییە راگەیەننەکراوەکان لە لایەن ئێرانەوە، ھێشتا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە نەدیوە و لەم ماوەیەی دواییدا ھیچ ھەماهەنگییەک لە نێوان تاران و ئاژانسدا لەسەر ئەم بابەتە نەکراوە.

پێشنیارگەلی دوولایەنەی ئێران و ئاژانس

دوای ھێرشەکان، ئێران کۆمەڵێک رێکاری نوێی بۆ ھاوکاری لەگەڵ ئاژانس پێشنیار کردووە کە پشکنینی «کەیس بە کەیس»ی دامەزراوە ساغەکان و دواخستنی یەک مانگەی پێشکەشکردنی راپۆرت لەسەر ناوەندە سەرەکییە خەسار دیتووەکان، لەخۆ دەگرێت. بە گوتەی لارێنس نۆرمان، ئەم پێشنیارە بە مانای دواخستنی پشکنینەکان و بەهێز کردنی پێگەی ئێران لە دانووستانەکانی داھاتوودایە؛ بابەتێک کە لەلایەن ئاژانسەوە رەتکراوەتەوە.

رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانس، لە ١٥ی ئابدا راگەیاند کە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی پادمان نابێت لە ھیچ بارودۆخێکدا راوەستێت و داوای لە ئێران کرد کە راپۆرتی تایبەتی لەسەر کۆگای ئۆرانیۆم و دۆخی دامەزراوە خەسار دیتووەکان پێشکەش بکات. ئەو ھەروەھا جەختی لە نوێکردنەوەی «پرسیارنامەی زانیارییەکانی دیزاین» (DIQ) کردۆتەوە. سەرەڕای دانووستانەکانی ٢٢ی ئاب، بە کردەوە ھیچ رێککەوتنێک لە نیوان دوو لایەندا نەکراوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، دانووستانەکانی نێوان هەردوولا لە حەفتەکانی داھاتوودا لە ڤیەنا بەڕێوەدەچێت.

کۆگای ئۆرانیۆم و دوایین پشکنینەکان
بەپێی خەمڵاندنی ئاژانس، کۆگای ئۆرانیۆمی ٦٠٪ی ئێران تا ١٣ی حوزەیران گەیشتبووە ٤٤٠.٩ کیلۆ، کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی مای، ٣٢ کیلۆ زیادی کردووە. کۆگای ئۆرانیۆمی ٢٠٪یش ١٨٤.١ کیلۆ راگەیەنراوە کە بە بەراورد لەگەڵ راپۆرتی پێشوو ٩٠.٤ کیلۆ کەمترە.

دوایین پشکنین لە فۆردۆ لە ١٠ی حوزەیران بووە کە لەو کاتەدا ژمارەی سانتریفیوژەکان وەکوو خۆیان ماونەتەوە. ئێران دوو رۆژ دواتر، ئاژانسی لە پلانی جێ‌گرتنەوەی سانتریفیوژەکانی IR-1 بە جۆری پێشکەوتووتری IR-6 ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام وادیارە ھێرشەکانی ئیسرائیل ئەم پرۆسەیەی وەستاندووە.
لە بنکەی “نەتەنز”، دوایین پشکنینی ئاژانس لە ٢٧ی مای تۆمار کراوە. پشکنینی تاقیکاری بۆ دامەزراوە تازەکانیش لە ١١ی حوزەیراندا بووە، بەڵام ئێران ھێشتا «پرسیارنامەی زانیارییەکانی دیزاین»ی پەیوەندیدار بەو دامەزراوانەی پێشکەش نەکردووە.

رافائیل گرۆسی رۆژی چوارشەممە بە هەواڵنێری رۆیتەرزی وت کە گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان نابێت بە مانگ بخایەنێت و رێککەوتنێکی خێرا، تەنانەت لەم حەفتەیەدا، پێویستە.

Live
Hide picture