دەست‌لەکار‌کێشانەوەی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا دوای ٦ ساڵ

گیڕ پێدەرسن، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارووباری سوریا، ئێوارەی پێنجشەممە دەست‌لەکار‌کێشانەوەی خۆی راگەیاند و دوای ٦ ساڵ کۆتایی بە کارەکانی خۆی لە یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی ناوچەکە هێنا.

پێدەرسن لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وێرای ئاماژە کردن بە بەربەستەکانی بەردەمی خەڵک و دەوڵەتی سوریە، وتی کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە نیەتی خۆی بۆ دەست‌لەکار‌کێشانەوە ئاگادار کردۆتەوە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە سوریە پێویستی بە سەقامگیری، هاوکاری و پشتگیری نێونەتەوەییە.

جێنیفەر فێنتۆن، وتەبێژی پێدەرسن، لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: ” گیڕ پێدەرسن دوای ٦ ساڵ خزمەت، سکرتێری گشتی لە بڕیارەکەی خۆی ئاگادار کردۆتەوە و پێزانی قووڵی خۆی بۆ خەڵکی سوریا دەربڕیوە.”

پێدەرسن لە قسەکانی خۆیدا داوای رێزگرتن لە “سەروەری و تەواویەتی خاکی سوریا”ی کرد و وتی حکومەتی سوریا لە قۆناغی داهاتوودا دەبێت بەستێنی بەشداری هەموو خەڵک لە دەسەڵاتدا بڕەخسێنێ.

ئەم دیپلۆماتە ٦٩ ساڵە نەرویژییە لە ساڵی ٢٠١٨، لە گەرمەی شەڕی ناوخۆیی سوریا، وەک نێردراوی تایبەت دیاری کرا و ئەرکی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایش پێدرا؛ بڕیارنامەیەک کە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ سوریا و وەستاندنی پێکدادانەکان لە نێوان حکوومەتی بەشار ئەسەد و ئۆپۆزیسیۆندا بوو. بەڵام، هەوڵە بەردەوامەکانی پێدەرسن سەرکەوتوو نەبوون.

پێدەرسن پێش‌تر بەرپرسایەتی گرنگی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەستۆ بووە؛ لەوانە هەماهەنگکەری تایبەتی لوبنان (٢٠٠٧-٢٠٠٨). ئەو هەروەها یەکێک لە ئەندامانی تیمی دانوستانکاری نەرویژ لە پەیمانی ئۆسلۆ (١٩٩٣) بوو، کە بە هۆیەوە ئیسرائیل و ڕێکخراوی ئازادکردنی فەلەستین دانیان بەیەتریدا نا. ئەو لە نێوان ساڵانی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٣ وەک نوێنەری نەرویژ لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین چالاک بووە.

Live
Hide picture